Heman Hussein Yaseen
10 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2022
ههولێر - AA
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکی ھەنگاریا، کاتالین نۆڤاک قوتابخانەیەکی نموونەی بهناوی مێلتۆ لە قەزای عەنکاوە سەر بە پارێزگای ھەولێر کرایەوە کە تێچووی دروستکردنەکەی چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلارە و لەسەر ئەرکی وڵاتی ھەنگاریا دروستکراوە.
ھەریەک لە مەسرور بارزانی و کاتالین نۆڤاک سەردانی بەشەکانی قوتابخانەکەیان کرد و لە چەند ھۆبەیەک لەگەڵ قوتابییەکاندا دانیشتن.
دواتر سەردانی ھۆبەی میوزیکیان کرد و گوێیان لە گۆرانییەکی فۆلکلۆری گرت کە بە زمانی ھەنگاری لەلایەن قوتابییەکانەوە پێشکەش کرا، پاشان پارچە شیعرێک بە زمانی کوردی لەلایەن قوتابییەکەوە خوێندرایەوە.
پاشان ھەریەک لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکی ھەنگاریا، کاتالین نۆڤاک چوونە ھۆڵی کۆنفڕانس و ژمارەیەکی زۆر لە وەزیر و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتی ھەنگاریا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ئامادەبوون.
لە رێوڕەسمێکدا دوای لێدانی مارشی نیشتمانیی، مەترانی کڵێسای ئەرتۆدۆکسی سریانی لە ھەرێمی کوردستان، مووسڵ و کەرکووک، نیکۆدیمۆس داود گوتەیەکی پێشکەیش کرد و تیشی خستە سەرەتای رۆژەکانی پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش و گوتی: ''سوپاس کە خەونەکە بەدیھات، قوتابخانەی مێلتۆ بە زمانی سریانی واتا وشە، لە کتێبدا دەڵێت سەرەتای ھەموو شتێک بە وشەیەک دەستی پێکردووە، کاتێک داعش لە ساڵی ٢٠١٤ پەلاماری مووسڵی دا ئێمەی ئاوارەکرد و چووە نێو خاکی باب و باپیرمان، ئەو ھەستەمان زۆر قورس بوو، یەکەم ھەست کە ئێمە ھەستمان پێکرد کە تەنیا نین ئەوە بوو سەرۆک مەسعود بارزانی چاوی بە ئێمە کەوت و گوتی ئێوە تەنیانین و ئێمە لەگەڵتانین، دواتریش ھەریەک لە سەرۆکی حکوومەتی ئەوکات نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی ئێستاش مەسرور بارزانی چاوی پێمان کەوت و دڵنیاییان بە ئێمەدا کە ئێمە تەنیا نین و ھەرواش دەرچوو، دەبێت ئەوەشمان لهبیربێت کە تاکە وڵاتی رۆژئاوا کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ ھاوکاری ئێمەی کردبێت، تەنیا ھەنگاریا بووه''.
مەترانی کڵێسای ئەرتۆدۆکسی سریانی لە ھەرێمی کوردستان، مووسڵ و کەرکووک هیوایشی خواست كه شوێنهكانییان نۆژهنبكرێتهوه و سهقامگیریی بگهڕێتهوه بۆ ناوچهكانییان بۆ ئهوهی ئاوارهكانیش بگهڕێنهوه سهر زێدی خۆیان.
ههر له رێوڕهسمهكهدا، سهرۆكی حکوومەتی ههرێمی كوردستان، مهسرور بارزانی گوتارێكی پێشكهش كرد و تیشكی خستهسهر پێشوازیی حكوومهتی ههرێم لە ئاوارەکان لهمیانی پهلاماره تیرۆریستییهكانی داعش و ئاماژەی بە پێویستی كردنهوهی ئەم قوتابخانهیه کرد و جهختیشی لهوهكردووه كه ھەر گەلێک بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتهوه، پێویسته پڕ چەک بکرێت بە زانست.
مەسرور بارزانی گوتی: ''دوای پەلامارە تیرۆریستییەکەی داعش، ئێمە پێشوازیمان زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کرد''.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ''ئێمە دەمانەوێت گەلێکی پڕ لە زانست دروست بکەین و ئەمەش دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ بەرەوپێشچوون، چونكه ھەر گەلێک بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتهوه دەبێت پڕ چەک بکرێت بە زانست، ئێمە ھیوایەکی گەورەمان ھەیە کە ئەم قوتابخانهیه خزمەت بکات بۆئەوەی بتوانێت پەرە بە کۆمەڵگاکان بدات، ئێمه لە چوارچێوەی شۆڕشی زانست کارمان لەسەر ئەوە کردووە که ستاندارد و پێوەرەی زانست بەرزبێت و ئهمەش یەکێکە لە ستوونە سەرەکییەکانی دامهزراوه سەرەکییەکان''.
دواتر سهرۆكی ههنگاریا، كاتالین نۆڤاك لهمیانی پێشكهشكردنی گوتهیهكدا، تیشكی خستهسهر هاوكارییهكان و ئاماژهی بهویشدا كه رێز له بهرامبهر دهگرن و پشتیوانی له دیموكراسییهت دهكهن.
سهرۆكی ههنگاریا كاتالین نۆڤاك گوتی: ''ئێمە شانازی دەکەین کە ئاڵای ھەنگاریا لێرە دەشەکێتەوە، ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەند نین بەڵام دەمانەوێت ھاوکاری پێشکەش بکەین، دەمانەوێت زیاتر کردارمان ھەبێت نەک قسە، ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی پشتگیری کۆمەڵگاکەی ئێوە بکەین و پێشوازی لەو وڵاتە دەکەین، یەکێک لە پەیوەندییەکانمان دەوەستێتە سەر سێ یاسا، یەکەم رێز لە بەرامبەر دەگرین، ههروهها پشتیوانی لە دیموکراسی دەکەین هاوكات ئیدانەی تیرۆر دەکەین، چونکە بەداخەوە دەزانین لە چەندین وڵاتدا بە ھەزاران مەسیحی لە جیھاندا دەچەوسێندرێنەوە، لهگهڵ ئهوهشدا ئێمە ھاوکارییەکانمان پێشکەش بە زیاتر لە ٥٠ وڵات کردووە''.
نۆڤاك گوتیشی: ''ئەوەی گرنگە کە ههرچهنده مەترسی لەسەر ھەنگاریا و ئەورووپاش ھەیە، بەڵام ئێمە دەبێت بەھێز بین، دەمانەوێت ئێوە بەرەوپێشەوەبچن، وەک ھەرێمی کوردستان داھاتوویەکی گەشتان ھەبێت، کردنەوەی ئەو قوتابخانەیەش بۆ ئەوەیە نەوەی داھاتوو ھاوکاری بکرێن و، ئامانجمان ئهوهیه لێرە وەبەرھێنانی زانست بکەین''.
دوێنی هەینی کاتالین نۆڤاک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف رەشید بە سەردانێکی فەرمی لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا، دواتریش به مهبهست سهردانیكردنی شوێنه ئاینییهكانییان چووه ناحیهی ئهلقۆش سهر به پارێزگای نهینهوا و دواتر گهڕایهوه ههولێر، ئەمڕۆس سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.