Laith Anwar Jad#an Al-jnaidi
02 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2026
ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، جۆشوا ھاریس ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە دۆسیەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت پاڵپشتی لە عێراق دەکات.
بە پێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی پێشوازی کردووە لە ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، جۆشوا ھاریس.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە دیدارەکەدا، پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کراوە و گفتوگۆکراوە لەبارەی بەردەوامی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە دیدارەکەدا، ھەردوولا ستایشی بڕیارەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگیان کردووە بۆ پاڵپشتیکردن لە ڕێوشوێنەکانی حکوومەت بۆ سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو كە، جۆشوا ھاریس لە دیدارەكەدا ڕایگەیاندووە، ئەمریکا لە دۆسیەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت پاڵپشتی لە عێراق دەکات و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ھەڵوێستی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە لەبارەی دۆسیەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت، ڕێگایەکە بە ئاراستەی بەھێزترکردنی سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق.
دوێنێ دووشەممە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان عێراق، عەلی زەیدی سەرپشک کرد لە گرتنەبەری ڕێکار و بڕیاری پێویست لەوەی کە پەیوەندیدارە بە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەتەوە.