پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا ئەمساڵ بە درووشمی "کارگێڕیی دۆخی نادیار لە دیزاینی داھاتوودا" لە ناوچەی گەشتیاری بەلەک لە ئانتاڵیا دەستی بەکارەکانی کرد و لە ڕۆژانی ١٧ تا ١٩ی نیسان بەردەوام بوو.
کۆڕبەندەکە وەک یەکێک لە گرنگترین گۆڕەپانەکانی دیپلۆماسیی نوێ، لە ماوەیەکی کورتدا توانی خۆی وەک پلاتفۆرمێکی کاریگەر بسەپێنێت بۆ گفتوگۆی نێودەوڵەتیی و چارەسەری قەیرانەکان بە تایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیھان بە گۆڕانکارییە گەورەکان و ئاڵۆزییە سیاسییەکاندا، ئەم کۆڕبەندە دەرفەتێکی تایبەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی سەرۆک و سەرکردە و بڕیاربەدەستان لە ئانتاڵیا کۆببنەوە و بە زمانی گفتوگۆ ڕێگای چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و بە گشتی کۆڕبەندەکە ڕێگریی لە قووڵبوونەوەی کێشەکان دەکات.
هاوکات بەشداریی ھەرێمی کوردستان لەم کۆڕبەندەدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گرنگیی پێگەیی لە ناوچەکە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی کارا دەنگی خۆی بگەیەنێتە جیهانی دەرەوە، هاوکات بە گشتی لە ناو جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی جیاواز هەوڵی هێورکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکانیداوە.
پسپۆڕان و شارەزایان پێیانوایە کە کۆڕبەندی ئانتاڵیا لە ماوەیەکی کەمدا، توانیوویەتی بەرهەمێکی زۆری هەبێت و جەختیش لەوە دەکەنەوە کە وایکردووە کە سەرکردەی وڵاتان، دیپلۆماتکاران، پسپۆڕەکان و کەسایەتییەکان کۆبکاتەوە و ستایشی ڕۆڵی تورکیاش دەکەن لە کۆکردنەوەی شاندەکان و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە گەرمەکانی ناوچەکە.
مامۆستای زانستە سیاسییەکان، ئاشنا بابان لەبارەی گرنگی کۆڕبەندی ئانتاڵیا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بێگومان کە قەیرانێک یان جەنگێک دروست دەبێت، ئەوا هەموو سیاسەتی نێودەوڵەتی پێویستی بە گفتوگۆ هەیە و بە تایبەت ئەم کێشانەی کە لەناو وڵاتان دروست دەبن و کۆڕبەندی ئانتاڵیاش کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەستی بەکارەکان کردووە و لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دروست بوو، ئەم کۆڕبەندە توانی لە ماوەیەکی کەمدا جێگای خۆی بکاتەوە و وایکردووە کە سەرکردەی وڵاتان، دیپلۆماتکاران، پسپۆڕەکان و کەسایەتییەکان کۆبکاتەوە و ئەمە یەکێکە لە گرنگییەکانی ئەم کۆڕبەندە و دەتوانم بڵێم دەستەخوشکی کۆڕبەندی داڤۆسە و ئەویش لەم بابەتەیە کە سەرکردەی وڵاتان تێیدا کۆدەبنەوە".
ئاشنا بابان گوتیشی: "گرنگییەکەی ئانتاڵیا لەوەدایە کە گفتوگۆ و دانوستان لەسەر بابەتە جیهانییەکان دەکەن و زۆر شت دەگرێتەوە، ئێمە زیاتر باس لە لایەنی سیاسیی دەکەین بەڵام لە تەک ئەودا بابەتی ئابووریش هەیە چونکە سیاسەت و ئابووری دوو ڕووی یەک دراون، هەروەها ئیستا بابەتی کەشوهەوا و تەکنەلۆژیاش هەیە و ئەو هەموو قەیرانەی کە لە جیهاندا هەیە وەک ڕووسیا و ئۆکڕاینا و هەروەها جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران و بابەتی گەرووی هورمز، هەموو ئەوانە بابەتێکی گەرمیی ناوچەکەن و لەبەر ئەوەشە کە ئەم کۆڕبەندە هەموو ئەو کێشانەی کۆکردووەتەوە لەوەی لە دوو ڕۆژدا بتوانن گفتوگۆی لەسەر بکەن و سیاسەتێکی نەرم بەکاربهێنن بۆ گفتوگۆکردن".

لەبارەی ئەوەی کە ئەم کۆڕبەندە چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو گفتوگۆیانە هەیە کە لەمیانی بەرێوەچوونییدا ئەنجام دەدرێن، ئاشنا بابان گوتی: "ئەمە میکانیزمێکی دیپلۆماسییە بۆ ئەوەی سەرکردەکان کۆ ببنەوە و گفتوگۆکانییان زیاتر بێت، لە ئەجێنداکاندا بابەتەکانی وەک ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوچەکە و سیاسەتەکانی ئێستا ئاماژەی پێدرابوو، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان چۆن بەرەو پێش بچن بە داڕشتنی سیاسەتێکی هاوسەنگ".
لەبارەی بەشدارییکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئانتاڵیادا، ئاشنا بابان گوتی: "ئەم بەشدارییە بە گرنگ دەبینم، چونکە ئێمە ئەکتەرێکی بەهێزی ناوچەکەین و لە سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، هەرچی کاریگەرییەک هەبێت لەسەر ئێمەیە، هاوبەشی ئێمە لەو کۆڕبەندە لە ئاستی ناوخۆییی و نێودەوڵەتیش گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکانی خۆمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باس بکەین".
ئاشنا بابان گوتیشی: "هەرێمی کوردستان هەمیشە ویستوویەتی ببێتە پێگە و شوێنێک بۆ سەقامگیریی ناوچەکە کە چۆن بتوانین ئاسایشی ناوچەکە بپارێزین، ئێمە لەم جەنگەدا توانیمان خۆمان بپارێزین لەگەڵ ئەوەی چەندین هێرشمان کرایەسەر بەڵام قەت بەشێک نەبووین لە جەنگەکە".
هاوکات پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر سەرسام خەلیل جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کۆڕبەندە بەرهەمێکی زۆر باشی هەیە و ستایشی ڕۆڵی تورکیاش دەکات لە پێشوازییکردن لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان بۆ ئەوەی جەنگ بگۆڕنەوە بە گفتوگۆکردن و هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەوقامگیریی لە ناوچەکەدا.
پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر سەرسام خەلیل لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆڕبەندی ئانتاڵیا، گرنگییەکی زۆری هەیە، هەرچەندە ئەم کۆڕبەندە مێژوویەکی دووری نیە، بەڵام بەرهەمی زۆر باشی هەیە، ئەندازیاری ئەم کۆڕبەندە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو، ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە بە تایبەت لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا کە دەبینین لەم کۆڕبەندەی ئەمجارە شەش هەزار و ٤٠٠ کەس بەشداربوونە لە کەسانی دیپلۆماتکار و ئەکادیمیا و بازرگانان و هەروەها ٢٣ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان بەشداربوونە هەروەها نزیکەی ١٥٠ وڵات بەشداربوونە و گرنگییەکەی ئەوەیە کە جیهان ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێتەوە بەتایبەت لە جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، هەروەها ئەمە وایکرد کە وەزیرانی دەرەوەی، سعوودیە، پاکستان، تورکیا و میسڕ کۆببنەوە، یەکێک لە تەوەرەکان بریتیی بوو لە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی لەم جەنگەی کە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە، بتوانن ئیدارەیەکی باشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانییان بکەن".
دکتۆر سەرسام خەلیل ستایشی ڕۆڵی تورکیای لە ئەنجامدانی کۆڕبەندەکە کرد و گوتی: "بێگومان تورکیا ڕۆڵێکی گرنگیی هەیە لە کۆکردنەوەی ئەم شاندانە، مەبەستەکەش تەنیا هەر بابەتە سیاسییەکە نیە بەڵکو بابەتی ئابووریی و لە ساڵانی داهاتووش بابەتە ژینگەییەکان تاوتوێ دەکرێت، هەروەها تاوتوێکردنی گۆڕانکاریی ئاو و هەوا کە بووەتە هۆکارێک لەوەی جەنگ لە ناوچەکە هەبووبێت".

سەرسام خەلیل گوتیشی: "کۆبوونەوەی ئەم کەسایەتییانە گرنگییەکی زۆری هەیە بە تایبەت ئەم پێشکەوتن و ڕووبەڕووانەوەی لە جیهان هەیە، چونکە ئەوەی لە کاتی دیپلۆماسی دەکرێت ڕەنگە لە جەنگ نەکرێت، وەک دەبینین ئەوەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێڕاندا هەیە، بەڵام دوای ئەم جەنگەش هاتنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆیە ئەوەی بە ئاشتی دەکرێت بە شەڕ ناکرێت و کۆتایی هەموو کێشەیەکیش دانوستانە".
لەبارەی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەشدارییکردنی کۆڕبەندی ئانتاڵیا، دکتۆر سەرسام خەلیل گوتی: "هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی دیفاکتۆ ڕۆڵێکی گرنگیی هەیە بە تایبەت نوخبەی سیاسیی گرنگییەکی زۆریان بەم بابەتە دا، هەرێم لە دوای ئەم جەنگە گرنگییەکەی زۆرتر بەدیارکەوت و توانی عێڕاق لەم کێشەیە ڕزگاربکات کە تێیکەوتووە ئەویش هەناردەکردنەوەی نەوت بوو بۆ بەندەری جەیهان و ئەمەش سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان زۆر بە ڕوونی ئەوەیان باسکرد کە هەرێم بەشێک نەبووە و نیە لە جەنگەکە و بەردەوام لە ڕێگای گوتارە سیاسییەکەی هەوڵیداوە ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە ڕێگای دیپلۆماسی و گفتوگۆوە.
پێنجەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا ئەمساڵ لە ١٧ تا ١٩ی نیسان لە ئانتاڵیا بەڕێوەچوو کە تێیدا ٢٣ سەرۆک و سەرۆکوەزیران، ١٣ جێگرانی سەرۆک و سەرۆکوەزیران، ٥٠ وەزیر، ٨٧ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی جیھانی لە ١٥٠ وڵاتەوە بەشداربوون و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو.
news_share_descriptionsubscription_contact

