Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2017
سلێمانی - AA
زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی بۆ پێنجەم ساڵ لەسەر یەك دیداری سلێمانی ئەنجام دەدات، ساڵی رابردووش چوارەم دیداری خۆی لەژێر دروشمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای داعش ئەنجام دا.
دیدارەكە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ( ٨ و ٩ی ئادار) لە زانكۆی ئەمریكی لە شاری سلێمانی، لەژێر دروشمی "قۆناغی دوای داعش، كۆتایهێنان بەگێژاوی شەڕ، بەرەو چارەسەری بەردەوام " بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی زانكۆی ئەمریكی، بژار عەلی بۆسكانی لەو باریەوە بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەوە پێنجەمین كۆڕبەندی دیداری سلێمانییە لە زانكۆی ئەمریكی بەڕێوەدەچێت و دیداری ئەمساڵ تایبەتە بەقۆناغی دوای داعش، تێیدا لەسەر ئاستی جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستان 200 كەسایەتی سیاسی و خاوەن بڕیار و ئەكادیمی و ئابووری و رۆژنامەنووسانی بیانی ئامادە دەبن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو كێشە چەقبەستووانەی كە ئێستا لە ناوچەكە هەیە و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەگشتی لە گۆڕانكاری سەرۆكایەتی ئەمریكا و كێشە ناوخۆییەكانی ئەورووپا و گۆڕانكارییە ریشەییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
بۆسكانی گوتی:" لە ماوەی دوو رۆژی دیدارەكەدا هەشت پانێڵ پێشكەش دەكرێن، بەشێكی گفتوگۆكان تایبەت دەبن بەدۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ كێشە چەقبەستووەكان لە دوای داعش".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، كات و وادەی بەستنی دیداری ئەمساڵ لە كاتێكدایە كێشەكانی ناوچەكە و جیهان ئاڵۆزتر بووە، بۆیە پێویستە بەوردی باس لە چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكان بكرێت.