Azad Mohammed Abdullah
01 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2018
دهۆک - AA
شوکر عەبدوڵڵا شەریف لەگەڵ دروستکردنى گۆزە باس لە ژیانى خۆیی و پیشەى گلێنەسازى دەکات و دەڵێت "ماوەى زیاتر لە پێنج ساڵە سەرقاڵى پیشەى قوڕكارییم، خۆڵى دەڤەرى گۆرانەتى بە یەکێک لە گونجاوترین خۆڵەکان بۆ دروستکردنى گۆزە و سەرجەم کارە دەستییەکانى قوڕینین دەزانم".
شوکر عەبدوڵڵا شەریف لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "خانەوادەکەى ئێمەیش وەک زۆرینەى خانەوادەکانی دەڤەرى گۆرانەتى و هەرێمى کوردستان بە گشتى لەساڵى ١٩٩٠ئاوارەى ئێران بووین، لە ئاوارەیی بۆ بەدەستهێنانى بژێوى وەک شاگرد لەگەڵ چەند وەستایەکى ئێرانى فیرى پیشەى قوڕكاریی بووم. بۆ ماوەیەک لە پیشەکەم دابڕام، بەڵام لەبیرم نەکرد. ماوەى زیاتر لە پێنج ساڵە دەستم بەکارەکەم کردووەتەوە لە قەزاى بەردەڕەش، ئەو خۆڵەى دەیکەمە قوڕ بۆ دروستکردنى گۆزه، کوپە، قاپ و قاچاخی قوڕینین هەر لە دەڤەرى گۆرانەتى دەستم دەکەوێت و خۆڵەکە زۆر گونجاوە بۆ پیشەکەم".
گوتیشى: "دەست بردنم بۆ ئەم کارە لەوە سەرچاوەى گرتووە کە لە هەرێمى کوردستان وەبەرهێنان و قوركاری و بەرهەمى دەستى کەمە و هاووڵاتییان پشت بە کەلوپەل و بەرهەمى دەرەوە دەبەستن، بۆیە منیش بڕیارمدا کارگەیەک بۆ دروستکردنى گۆزە، کوپە، قاپ و قاچاخی قوڕینین و پێداویستییەکانى رۆژانە دابنێم".
شوکر عەبدوڵڵا دەڵێت "لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان خەڵک پێشوازى لە بەرهەمەکانم دەکات و زۆرینەى کڕیارەکانم خەڵکى هەولێر و سنوورى پارێزگاى دهۆک-ن".
ئاماژەى بە کواڵیتى و جۆرەکانی بەرهەمەکەی دەدات و دەڵێت "بەرهەمەکانم لەڕووى کواڵیتییەوە هیچ جیاوازییەکى نییە لەگەڵ ئەو بەرهەمانەى لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان هاوردە دەکرێت، بەداخەوە تا ئێستا حکوومەتى هەرێم وهیچ لایەنێکى پەیوەندیدار پاڵپشتى کارەکەیان نەکردووم، ئەگەر حکوومەت پاڵپشتى ماددیم بكات، دەتوانم بەشى هەموو شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان گۆزه، کوپە، قاپ و قاچاخ و سەرجەم پێداویستییەکان بەرهەم بهێنم".
دەشڵێت "بەپێى خواستى هاووڵاتییان کاردەکەین، ئەگەر داواکارى زۆر هەبێت لە رۆژێکدا ١٠٠ بۆ ٢٠٠ گۆزە و کوپە و قاپ و پێداویستى دیكە دروست دەکەم، دواى دروستکردنیان دەیخەمە نێو فڕن لە نێو ئاگر بە پلەیەکى بەرز گەرمى دەکەم و دواتر دەیکەم بە فەخفورى".
شوکر عەبدوڵڵا لە لیستێکدا لە نێو کارگەکەیدا ناوى ئەو هاووڵاتییانەى لاى خۆى تۆمار کردووە کە داواى دروستکردنى کەلوپەلى نێو ماڵیان لێکردووە وەک خۆى ئاماژەى پێدەدا زۆرینەى خەڵک داواى گوڵدان و کوپە دەکەن.