هەولێر
یەڵماز نەجاڕ دەڵێت 70 كیلۆمەتر خاكمان بەدەستەوەیە و هێزەكەمان لەگەڵ كورد و هاوپەیمانی نێودەڵەتی بەشداریی شەڕی حەویجە و رەشاد دەكەن.
"توركمانەكانی حەشدی شەعبی چوار هەزار كەسن و شەش فەوجیان هەیە"
سەرپەرشتیاری لیوای شانزەی حەشدی شەعبی ناسراو بە"هێزی توركمان" یەڵماز نەجاڕ لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت هێزەكەیان بەسەر حەوت فەوجدا دابەش بووە كە سێ هەزار و 500 بۆ چوار هەزار چەكداری توركمان لە خۆ دەگرێت و بەسەر شەش فەوج دابەش بوون ئەوانیش فەوجەكانی" ئامرلی، دووزخوماتوو، بەشیر، داقوق، تازە، كەركووك كە لە دانیشتوانی گەڕەكی تسعینی كەركوك پێكدێت"، ئەو دان بەوەشدا دەنێت كە زۆرینەی چەكدارەكانییان لە توركمانی شیعە مەزهەب پێكدێن، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت" سەدان توركمانی سوننە مەزهەبیشمان هەن بەتایبەت لە سەربازگەی ئەلحەق لە نزیك ناحییەی لەیلانی سەر بە پارێزگای كەركووك".
لەبارەی بیرۆكە و چۆنێتی دروستكردنی هێزی توركمان لە نێو حەشدی شەعبی، یەڵماز نەجاڕ كە لە بەغدا دادەنیشێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" لەپاش 10ی حوزەیران و پەلهاویشتنی داعش بۆ نێو عێراق و داگیركردنی رووبەرێكی فراوان، بەتایبەت و بەدیاریكراوی دوای ئابڵوقەدانی ناحییەی ئامرلی كە بە هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و پۆلیس و سوپای عێراق و لایەنەكانی دیكە توانیمان داعش لە ناوچەكە دەربكەین و ئابڵوقەی سەر ئەو شارە بشكێنین، پێشنیاز بۆ دروستكردنی لیوایەك یان دوو لیوا لە رۆڵەكانی توركمان لە دانیشتوانی ناوچەكانی توركمان هەبوو، لەوێوە لیوای 16ی هێزی توركمان لەنێو حەشدی شەعبی دروست كرا".
ناوبراو گوتیشی: "ئێستا پێویستییەكی تەواو بۆ هێزەكانییان هەیە لە شەڕی دژ بە داعش بۆیە نە ئێستا و نە لە ئایندە دەستبەرداری ئەو هێزە نابن، ئەوەشی گوت " لە ئایندەدا و لە دروستكردنی هێزی سوپای نیشتمانی چەكدارانی ئێمە دەبنە بەشێك لەو هێزە لە پاڵ هێزەكانی كورد و عەرەب".
یەڵماز نەجاڕ ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە هێزەكانی ئەوان رووبەرووێكی بەرچاوی زەوییان كۆنتڕۆڵكردووە، لەو رووەوە گوتی: "هێزەكانمان نزیكەی 70 كیلۆمەتر خاكیان بەدەستەوەیە، لە میحوەری یەكەم دوو ناحییە و 36 گوند و لە میحوەری دووەمیش حەوت گوندمان هەیە و لە نزیك بەشیرین و بەرەو پێشەوە دەچین و لە سلێمان بەگ و لەو دیوی ناحییەی عوزیەمیش هەین".
ئەو ناوچانەشی بەدەستی هێزە توركمانییەكەوەیە بە قسەی ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی لە هەرسێ پارێزگای دیالە و سەڵاحەدین و كەركووكن.
لەبارەی بوونی حەشدی شەعبیش لە كەركووك یەڵماز نەجاڕ دەڵێت: " بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری كەركووك لە دەروازی شاری كەركووك سەربازگەیەكمان هەیە، لە نزیك خاڵی پشكنینی كەركووك سەربازگەی ئەلحەقمان لە لەیلان هەیە و لە چەند شوێنێكی دیكەی وەكو شەمسیە و توێلعە و مەرعییە و فەنەر و جدیدە و چەند ناوچەیەكی تر هێزمان هەن، ئابَلوقەی بەشیریشمان داوە، هەماهەنگی تەواویشمان لەگەڵ پێشمەرگە و چەند هەفتەیەكە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش هەیە، پلانمان هەیە پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕۆین بەرەو ناوچەكانی رەشاد و حەویجە".
لەبارەی نەبوونی هێزی حەشدی شەعبی لە كەركووك كە هۆكارەكەی رازی نەبوونی هەرێمی كوردستانە لەسەر ئەو مەسەلەیە، نەجاڕ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی رەتكردەوە، گوتیشی" بوونی هێزەكانمان لە نێو كەركووك پێویست نییە، بەڵكو ئێمە لەو شوێنانە دەبین كە زیاتر قەیرانی تێدایە، ئێمە نزیكەی 250 كەسمان لە نێو كەركووك هەیە كە سەر بە حەشدی شەعبیین، بەڵام هەماهەنگیمان لەگەڵ پارێزگاری كەركووك كردووە هیچ دیاردەیەكی چەكدارییمان لە نێو كەركووك نەبێت، چونكە ئەوە ئێستا پێویست نییە".
جگە لەوەش بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە توركمانییە هەروەها لە سەربازگەی ئەلحەق لە لەیلان نزیكەی 100 كەس هەن لە سوننە مەزهەبن و سەر بە هێزەكەی ئەوانن، لە تازەخورماتووش هەزار و 300 كەسیان لە هێزەكە بڵاوبوونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەم هێزە بۆ بەرگریكردنی لە ناوچەكە و دوای لە شار و گوندەكانی توركمانی، بەتایبەت لە دوای یەكی حوزەیرانەوە سوپا و پۆلیس لاوازبوون و لەو ناوچانە بوونیان نەبوو. ئەو هێزەی ئێمە بەتەنها بۆ بەرگری نییە لە توركمان، چونكە لەگەڵ كوردەكاندا بەشداریی رزگاركردنی گوندی عەرەبمان كردووە و دراونەتەوە خاوەنەكانییان.
لەگەڵ پێشمەرگە هەماهەنگییمان هەیە، لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رەنگە لە هەندێ لە كردەكان هەماهەنگی نەبووە، بەڵام لە قۆناغی دوایی بەتایبەت لە چەند هەفتەی رابردوو لەگەڵ هاوپەیمانی و كورد و هێزی توركمان رێككەوتووین و كردەی داهاتوو و هەر سێكمان لە رزگاركردنی بەشیر و ناوچەی دیكە بەشداریی دەكەین.
" لە هەرێمی كوردستان مەشق بە ژمارەیەك لە هێزەكانمان دەكرێت بۆ بەشداریكردن لە رزگاركردنی مووسڵ "
سەرپەرشتیاری لیوای 16ی حەشدی شەعبی كە بە هێزی توركمانی ناسراوە یەڵماز نەجاڕ لە درێژەی هەڤپەیڤینەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات هێزێكیان بۆ رزگاركردنی مووسڵ ئامادەكردووە و بەشێكیان لە هەرێمی كوردستان مەشق و راهێنان دەكەن.
یەڵماز نەجاڕ لەوبارەیەوە گوتی: "هێزێكمان هەیە كە لە نزیكەی هەزار و 500 كەس لە رۆڵە توركمانەكانی پارێزگای نەینەوا پێكدێت مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت و بەشی زۆریان راهێنانییان تەواوكردووە و پڕچەكیش كراون و بۆ رزگاركردنی پارێزگای نەینەوا ئامادەكراون، 800 كەس لەو هێزە لە رۆڵەكانی قەزای تەلەعفەرن، ئێستا نزیكەی 200 كەس لەو هێزە لە ناوچەكانی ئێمە لە نزیكی بەشیر و تازەن و مەشق و راهێنانییان پێدەكرێت و بۆ رزگاركردنی تەلەعفەر و ناوچەكانی تری نەینەوا ئامادەدەكرێن، پڕچەكیشن و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی كوردی و حكوومەتی مەركەزی بەشداریی شەڕی مووسڵ دەكەن".
ئاشكراشیكرد بەشێك لەو هێزانە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێم مەشق و راهێنان وەردەگرن، یەڵماز نەجاڕ دەڵێت" بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە هەرێمی كوردستان مەشقیان پێدەكرێت لە دەوروبەری چیای شەنگال و بۆ رزگاركردنی مووسڵ ئامادەدەكرێن، جگە لەوەش لە دیالەش ژمارەیەكی دیكە مەشقیان پێ دەكرێت".
سەرپەرشتیاری هێزی توركمانی لە نێو حەشدی شەعبی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەو قسانە رەتدەكاتەوە كە هێزەكانییان بەشداریی لە شەڕی یەكلاكەرەوەی گرتنەوەی مووسڵ نەكەن، بە پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت رێككەوتنی لەسەر كراوە لەسەر بەشداری نەكردنی حەشدی شەعبی لەو شەڕە یەڵماز نەجاڕ دەڵێت" پێش ماوەیەك لەگەل بەڕێز ئوسامە نوجێفی و عەشیرەتەكانی توركمان و لەگەڵ كورد و عەرەب قسەمان كرد، لە كۆتاییدا رێككەوتین دەبێت رزگاركردنی مووسڵ بە بەشداریی هەمووان بێت".
زیاتریش گوتی: "ئەو هێزانەی ئێمە وەكو حەشدی شەعبی لایەنەكانی دیكە نیین، ئەوانە هێزی رۆڵەكانی تەلەعفەر و راشدییە و مووسڵن و سەر بە هیچ لایەن یان حزبێك نیین، بەشێكیشیان بێ لایەنن".
دەشڵێت لە سەروبەندی رزگاركردنی مووسڵ هێزەكانییان لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەچنە شارەكە و لەو بارەیەوە هەماهەنگی هەیە.
لەبارەی چەكەكانی ئەوانیش نەجاڕ گوتی: "ئەو چەكانەیان لەلایەن سەركردایەتیی حەشدی شەعبییەوە بۆ دابین دەكرێت".
"سەرجەم لایەنەكانی توركمان پاڵپشتییمان دەكەن، سوننەكانی هێزەكەش زیاد دەكەین"
سەرپەرشتیاری لیوای 16ی حەشدی شەعبی ناسراو بە هێزی توركمانی كە شەش فەوجی بەسەر شارەكانی هەرسێ پارێزگای دیالە، سەڵاحەدین، كەركووك دابەش بوون دەیگوت: "ئێستا پێویستی بۆ دامەزراندنی هێزێكی توركمانی نەماوە كە پێشتر بەشێك لەلایەنەكانی توركمان بەتایبەت بەرەی توركمانی بۆ پاراستنی توركمانەكانی ئەو ناوچانە داوایان دەكرد".
یەڵماز نەجاڕ لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر چەندین لایەنی توركمانی داوای پێكهێنانی هێزێكی توركمانییان دەكرد، بەڵام ئێستا ئەوە بەدی هاتووە و هێزێكی توركمانی رەسمی هەیە و بەرگری لە توركمانەكان دەكات و یاساییشە و لەلایەن هەموو لایەنێكەوە دانی پێدانراوە، ئەو هێزە لە سوننە و شیعەی توركمان پێكدێت، بۆیە هەڵەیە بڵێین هێزێكی توركمانی شیعەیە، هەوڵیش هەیە بۆ زیادكردنی سوننە مەزهەبەكانی ئەو هێزە بۆ ئەوەی هاوسەنگی رابگرین".
گوتیشی: "وەكو لیوای 16ی هێزی توركمانی لەگەڵ هەموو لایەنە توركمانەكانی دیكە پەیوەندیی باشمان هەیە لەنێویشیاندا بەرەی توركمانی و هەر دوو هەفتە جارێك یان مانگانە كۆ دەبینەوە و هەموویان پاڵپشتیی هێزەكەمانن".
سەبارەت بە تۆمەتباركردنی حەشدی شەعبی لە رفاندنی هاووڵاتییانی سوننە مەزهەب بەتایبەت لە قەزای دووزخوماتوو، نەجاڕ ئەوانە بە تۆمەت دەزانێت و دەڵێت: "لە هەركوێیەك هەبێت هەماهەنگیمان لەگەڵ لایەنی رەسمی هەیە، زۆر جار گوێمان لەو تۆمەتانە دەبێت، بەڵام ئیدی دادگە و حكوومەت هەیە و ئەوانەی گومانیان هەیە با بچن سكاڵا بكەن و بیسەلمێنن، ئێستا حەشدی شەعبی هێزێكی رێكخراوە و پەیكەربەندی هەیە و پشكنەری گشتی و فەرمانگەی یاسایی و ئاسایشی خۆ پارێزی و هی دیكەشی هەیە، ئەگەر هەر كاتێك شەڕكەرێك ببینین كە زێدەڕۆیی كردووە ئەوا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكەین و رەنگە دەریان بكەین، بەڵام ئەو رفاندنانە كاری ئێمە نییە، پێكهێنانی حەشد بۆ بەرگریی لەناوچە و شارەكانە، لەگەڵ لایەنی دیكە كار دەكەین ئەگەر سەلمێنرا چەكداری ئێمە دەستی لەو كارانە هەبێت دژی دەوەستینەوە و قبوڵ ناكەین".
لەكۆتایی قسەكانیدا سەرپەرشتیاری هێزی توركمانی لە نێو حەشدی شەعبی یەڵماز نەجاڕ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی رۆڵی توركیاوە لە رزگاركردنی مووسڵ گوتی: "دەگوترێت هەماهەنگی لەگەڵ توركیا هەیە لەبارەی رزگاركردنی نەینەوا، ئێمە عێراقییەكان یارمەتیی هەموو وڵاتان وەردەگرین بۆ رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش بۆ ئەوەی هەر بستێك لە دەستی ئەوان رزگاربكرێت و عێراق بگەڕێتەوە بارودۆخی پێشووتری و دەست بكەین بە ئاوەدانكردنەوەی".
گوتیشی: "داوای چەكمان لە توركیا نەكردووە، وەكو حەشد شەعبی و لایەنی توركی نەچووینەتە وتوێژ لەوبارەیەوە، چونكە ئێمە سەر بە حەشدی شەعبیین و سەركردایەتی دیكە هەیە و هەر پێویستییەك هەیە لە حەشدی داوا دەكەین".
news_share_descriptionsubscription_contact

