هەولێر
بەیاننامەی عەشیرەتەكانی عەرەب داوا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەكات لە دژی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان بجوڵێنەوە و سنووریان بۆ دابنێت.
سەرۆكی عەشیرەتی مەحامیدە و گوتەبێژ بەناوی یەكێتی عەشیرەتەكانی عەرەب لە عێراق عەلی حەمادە سایر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئوتێل بێست ئین ئەربیل لە هەولێر بەیاننامەیەكی ناڕەزایی لەبارەی رووداوەكانی شارۆچكەی نخێبی پارێزگای ئەنبار خستەڕوو.
لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا كە چەندین سەرۆكهۆزی عەرەبی تێدا بەشداربوو، عەلی حەمادە سایر لەو بارەیەوە گوتی: "دوای بڕیارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە رۆژی دووشەممەی رابردوو بە جیاكردنەوەی ناحییەی نخێب لەرووی ئەمنییەوە لە سەركردایەتی هێزەكانی بادیە و جەزیرە و لكاندنی بە سەركردایەتی فوراتی ناوەڕاست كە بە سەرەتایەك دادەنرێت بۆ ئەوەی لەرووی ئیدارییەوە بخرێتە سەر پارێزگای كەربەلا، رۆژی سێشەممەی رابردوو یەكێك لە میلیاشاكانی سەر بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەربەلا محەمەد موسەوی هەستاون چوونەتە نێو ناحییەی نخێب و هەموو چەكەكانی خەڵكیان بردووە و ماڵەكانییان پشكنیوە و هەڕەشەیان لە خەڵكەكەی كردووە و دروشمی تایفییان لە شارەكە بڵاوكردووەتەوە و 35 كەسیان لە دانیشتوانی ئەو ناحییەی دەستگیركردووە".
گوتیشی: "دەمانەوێت بڵێین نخێب شارێكە لەوەتی هەیە و دروستبووە لەرووی ئیداری و ئەمنییەوە سەر بە پارێزگای ئەنبار بووە لە ساڵی 1921، پاشان لە 1960 خراوەتە سەر قەزای روتبە، چەندین بەڵگەنامەمان هەیە كە دەیسەلمێنێت ئەو شارۆچكەیە سەر بە پارێزگای ئەنبارە، وە هەر لایەنێك بیەوێت بیخاتە سەر پارێزگای كەربەلا ئەوا نخێب و هەر بستێك لە ئەنبار هێڵی سوورە بۆ ئێمە و رۆڵەكانی ئەنبار هەر دەستێك دەبڕنەوە كە بیەوێت هەر بستێك لەو پارێزگایە دابڕێت و بیخاتە سەر پارێزگایەكی دیكە".
ئەو بەیاننامەیە لە كاتێكدایە رۆژی سێشەممەی رابردوو هێزێكی حەشدی شەعبی چوونەتە نێو ناحییەكە و بە قسەی بەرپرسانی ئەنبار هێرشیان كردووەتە سەر دانیشتووانەكەی و دەستیان بە پشكنینی ماڵان كردووە و چەند كەسێكشیان دەستگیركردووە، ئەوەش وایكرد ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار چوارشەممە داوا لە سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بكات هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو شارۆچكەیە بكشێنێتەوە.
ئەو شێخە عەرەبە كە لە پاڵ خۆی ژمارەیەك لە كەسایەتی و شێخی عەشیرەتەكانی جیاوازە چەند پارێزگایەكی سوننە مەزهەبی عێراق دەردەكەوتن لە درێژەدا گوتی: "داوا لە سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی دەكەین سنوورێك بۆ هەندێك لە هەڵسوكەوتەكانی بەشێك لە بەرپرسانی بەغدا و كەربەلا دابنێت كە دژی پارێزگای ئەنبار دەیكەن، هەروەها داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دەكەین سنوورێك بۆ دەستدرێژییەكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان دابنێت كە دژی ئێمە و خەڵكی ئێمە دەیكەن".
هەروەها دەستخۆشیشی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی كرد كە ئاوارەكانی لە پارێزگای ئەنبار وەرگرتووە پاش ئەوەی لە پارێزگاكانی دیكە و بەتایبەت لە بەغدا بۆ چوونە نێویان داوای كەفیلیان لێ كرابوو.
عەلی حەمادە لەبارەی ئەو پرۆژە بڕیارەشی بەمدواییانە قسەی زۆری هەڵگرت لەسەر پڕچەككردنی سوننە و كورد بەجیا لەلایەن ئەمریكییەكانەوە، گوتی: "هەموو عەشیرەتەكانی سوننە بۆچوونییان روونە بە پڕچەككردنی عەشیرەتەكان و بڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا زۆر باشە و پاڵپشتی دەكەین و لەگەڵیداین".
نخێب شارۆچكەیەكی سەر بە پارێزگای ئەنبارە لە نزیك سنووری عێراق و سعودییە، زۆرینەی دانیشتووانەكەی لە عەشیرەتی عەنزەن، لە نزیك شارۆچكەكە یەكێك لە دیارترین هێلی بەستنەوەی زەمینی عێراق بە سعودییەوە هەیە و هەروەها بۆ ئوردنیش، لە پێشووشدا یەكێك بووە لەو شوێنانەی عێراقییەكان لە رێگەیەوە چوون بۆ حەجكردن.
پێشتر لە ساڵی 1960 كراوەتە ناحییەیەك سەر بە قەزای روتبە لە لیوای رومادی، لە ساڵی 1979 خراوەتە سەر قەزای عەین تەمر لە پارێزگای كەربەلا، دواتر گەڕێنراوەتەوە سەر بە پارێزگای ئەنبار، ئەو گۆڕانكارییانە لەسەر ناحییەكە وایكرد لە دوای ساڵی 2003ەوە بەشێك لە بەرپرسانی خۆجێی پارێزگای كەربەلا داوای خستنەسەری بكەن بۆ سەر پارێزگای كەربەلا و كێشەكە بەردەوامی هەیە.
یەكێك لە شێخەكانی پارێزگای ئەنبار بەناوی عەبدلڕەزاق شممەری لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان گوتی:" لە یەكی حوزەیرانی ساڵی 1978ەوە نخێب بۆ 14 مانگ خراوتە سەر پارێزگای عەین تەمر لە كەربەلا و دواتر لە 31 تەمموز 1979 گەڕێنراوەتەوە بۆ بارودۆخی پێش ئەو ساڵە و خراوەتەوە سەر پارێزگای ئەنبار كە بە دەیان ساڵ بەر لەوەی بخرێتە سەر كەربەلا هەر لەسەر ئەنبار بووە، بۆیە قبووڵ ناكەین كەس بڵێت سەر بە ماددەی 140ە، چونكە هەموو شتێكی ئەو شارۆچكەیە ئەنبارییە و یەك شیعەشی تێدا نییە، دانیشتوانەكەی 40 هەزار كەس دەبن هەموویان سوننە مەزهەبن و عنزە و شممەری تێدایە".