سلێمانی
دوێنێ دووشەممە هەر چوار لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیان كردو پەیامی خۆیان گەیاندە ئەو حزبە لە بارەی پۆستی سەركۆمارەوە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی ی. ن. ك شێركۆ مەنگوڕی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " وەفدی ئەو لایەنانە دوو بژاردەیان خستووەتە بەردەم یەكێتی بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەركۆمار، ئەویش بە یەكلاكردنەوەی كاندیدێكیان لەلایەن یەكێتی خۆیەوە یان ئەو دوو كاندیدە یەكیان بە دەنگدان لەلایەن 62 پەرلەمانتارەكەی كوردەوە لە بەغدا یەكلایی بكرێتەوە."
لە بارەی كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان و پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، مەنگوڕی گوتی: " لە ڕوی یاساییەوە پێویستە سبەی ناوی كاندیدەكان لە پەرلەمان ئاشكرابكرێ و دوای سێ ڕۆژ دەنگدانیان بۆ بكرێ، هەر کاندیدێک بۆ دەرچوون پێویستی بە دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران واتە ٢١٦ دەنگ هەیە. چاوەڕوانی ئەوەش دەكەین لە كۆبوونەوەكەدا هەندێ شتی لە ناكاو بێتە پێش."
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی پۆستی سەركۆمار مافی كوردە و پێویستە كورد بە ڕێكکەوتنی لایەنە عێراقییەكان ئەو پۆستە وەربگرێ هەروەك چۆن پێشتر بۆ سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامدرا، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی كاندیداکانیش مانای وایە ئەو تەوافوق و ڕێكکەوتنانەی پێشتر كراون بەرەو شكست دەبات.
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان سەعدی پیرە لە بارەی پەیامەكەی لایەنە كوردستانییەكان و وەڵامی حزبەكەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەستەیەكی تایبەت دانراوە بۆ ئەو مەبەستەو پێویستە ئەمڕۆ چارەسەر بكرێ."
بە گوتەی سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بژاردەی یەكەمی ئەو لایەنانە بە یەكلاییكردنەوەی كاندیدێكیان ئەستەمە و پێشتر مەكتەبی سیاسی لە چەند كۆبوونەوەدا نەیتوانیوە ئەو بابەتە یەكلایی بكاتەوە.
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی ئەمڕۆ یان سبەی وەڵامی پەیامەكەی ئەو لایەنانە دەدەنەوەو ئەگەری زۆرە بژاردەی دووەمیان قبوڵ بكەن بە یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان لە لایەن پەرلەمانتارانی كوردەوە.
سبەی چوارشەممە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێ بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بۆ ئەو پۆستەش زیاتر لە 50 كاندید هەیە كە حەوتیان كوردن.
پۆستەكە پشكی كورد و یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی ناوخۆی حزبەكەوە نەتوانراوە تاكە كاندیدێك بۆ پۆستەكە دەستنیشان بكرێ و بەڕەسمی ناوی دوو كاندید "بەرهەم ئەحمەد ساڵح، فوئاد مەعسوم" پێشكەش كراوە، لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش ئەندامێكی دیكەی مەكتەبی سیاسی نەجمەدین كەریم خۆی كاندید كردووە.