ھەولێر
ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان یوسف محەممەد لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسی ره‌وشی ئێستای هه‌رێمی كوردستانی كرد و گوتی: "ئەمساڵ ساڵێکی درێژ و ناخۆش بووە و تێیدا رووبەروی قەیرانی دارایی بووینه‌وه و دواتر چەکدارانی داعش پەلاماری کوردستانیان دا و برینی قوڵ لە ھەستی نەتەوەی ئێمە دروستبوو و هه‌روه‌ها جینۆسایدێکی زۆر گەورە بەرامبەر برا و خوشکانی ئیزدیمان ئه‌نجامدرا، بەڵام خۆشبەختانە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەرەو ئاسودهییەکی روون رۆیشتین و لەو چەند رۆژە ھەواڵی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە شنگال زوور دڵخۆشکەرن و ووردە ووردە برینەکانمان سارێژ دەبن، بەڵام بەڕاستی دڵمان ئارام ناگرێت تا یەک بە یەکی ئەو خۆشکانەمان ئه‌وانه‌ی له لایه‌ن داعشه‌وه رفێنراون نەگەڕێندرێنەوە و ھەروەھا ئێمەچاوەرێی ئەوەین بچین بۆ شنگال."
یوسف محەممەد سوپاسی قارەمانییەتی پێشمەرگەی کر و گوتی: "پێشمەرگە بەو قارەمانیهته، داستان لە مێژوودا تۆمار دەکات و سوپاسی بۆ ئەوانه‌ی لەو ٤ رۆژە بە قارەمانانه چیای شنگالیان رزگارکرد و بەروە شنگال رۆیشتن."
لە بارەی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "ھێزەکانی پێشمەرگە به‌نیشتمانی دەکرێن و لە پەرلەمان بە بڕیارەکانی ژمارە ١٨ و ١٩ کار لە سەر ئەوە کراوە کە ھێزەکان نیشتمانی بکرێن و ھەروەھا ھەموو حزبە سیاسییەکانی کوردستانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو کارە بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت."
ھەروەھا لە بارەی کۆنگرەی نەتەوەیی یوسف محه‌مه‌د گوتی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی داعش ئەو ھەموو ناخۆشییەی بۆ هه‌رێمی کوردستان دروستکرد، به‌ڵام ئه‌مه بووه هۆكار یه‌كرێزی و یه‌كگرتنێكی به‌هێز له‌نێوان ھێزە کوردییەکان دروست بێت و لە ھەر چوار پارچەی كوردستان یەکگرتنی نیشتمانی دروستبوو و ئه‌مه‌ش بە كردار بۆ هه‌موو لایه‌ك دیاربوو. لە سەردانی ئه‌م دواییه‌مان بۆ لای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە گرنگی باس لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی کرا و ئێستا حزب و لایەنەکانیش کۆکن لە سەر ئەو پرسە."
ھەوەھا لە کۆتاییدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوای لە راگەیاندنکاران کرد کە بە ھەستی نیشتمانی ھەڵسوکەوت لەگەڵ رووداوەکان بکەن و بیر و بۆچوونی حزبی تێکەڵ بەو سەرکەوتنانە نەکەن و گوتی: "هه‌موو ھێزی پێشمەرگە بەشداره لەو سەرکەوتنانە و خەڵکی ھەرێم ھەموو به‌و سه‌ركه‌وتنانه دڵخوشن و ھیوادارم ئەو سەرکەوتنانە ببنە ھۆی ساڕێژبوونی برینەکانمان."