ئەنقەرە
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا یاڵچین ئاكدۆغان پێشوازی لە شاندێكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كرد.
كۆبوونەوەكە بۆ ماوەی سەعاتێك لە بارەگەی باڵەخانەی سەرۆكایەتی وەزیرانی توركیا بەردەوام بوو و دوای كۆبوونەوەكەش دوولایەن لەسەر نێوەڕۆكی دیدارەكەیان بۆ رۆژنامەنووسان دوان.
شاندی هەدەپە لەو دیدارەدا پێكهاتبوو لە جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا پەروین بوڵدان و پەرلەمانتاری شاری ئیستانبوڵی هەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەر.
پەرلەمانتاری "ھەدەپە" سڕی سورەیا ئۆندەر لەبارەی دیدارەكەیان گوتی: "بەھۆی خۆپیشاندانەكانی كۆبانێ تا رادەیەك ئاڵۆزی كەوتبووە قۆناغی چارەسەریی بەڵام هەنووكە ئەو تەگەرە و بەربەستانە وەلاوە نراون".
ئۆندەر گوتی: "ئێمە لە نێو خۆماندا دەستمان بە گفتوگۆ كردن و راوێژ كردووە و ھەوڵ بۆ بەردەوامی پێدانی قۆناغەكە دەدەین. ئێمە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ھەموو شوێنەكانی دیكە كە شەڕیان ھەبووە و دواجار قۆناغی چارەسەریی و ئاشتییان دەست پێ كردووە، ھەوڵ بۆ درێژەدان بە قۆناغەكە دەدەین، بەھۆی خۆپیشاندانەكانی پشتگیریكردن لە كۆبانێ تۆزێك تەگەرە لە قۆناغەكە كەوتبوو بەڵام ئێستا توانراوە ئەو تەگەرانە وەلاوە بنرێن. لەم قۆناغە بەدواوە ھەرچی پەیوەندی بەو قۆناغەوە بێ رەچاو دەكرێ و بە پەلە لەگەڵ ئۆجەلان و بە ھاوكاری ئەو وەكو درێژەپێدان بەو رێگەی كە ئەو دەستی پێ كردووە، بەردەوام دەبین. ئەمە یەكەمجارە دەزانین لەسەر كامە بابەت گفتوگۆ بكەین و كامە رێباز بەكار بھێنین تا بتوانین بەرەو پێشەوە بڕۆین و بۆ ئەو مەبەستە رێككەوتنێك لە نێوان ھەردوولاماندا ھەیە، دوای ئەوەی ئێمە لەم بارەوە لەگەڵ بەرپرسانی دیكەی پارتییەكەماندا گفتوگۆمان كرد، دواتر سەردانی ئیمڕاڵی دەكەین و لەوێشەوە دەچینە لای بەرپرسانی كەجەكە و گفتوگۆ دەكەین و دواتر پێكەوە لەسەر دانووستانانەكان بەردەوام دەبین".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا لەسەر ھیچ خشتەیەكی كاتی یان لەسەر ھیچ بابەتێكی روون و ئاشكرا رێككەوتوون؟ ئۆندەر گوتی: "خشتەی كاتی بۆ ئێمە چەند زووتر بێ ئەوەندە باشترە، چونكە چەند كاتەكە درێژتر بكرێتەوە ئەوە پرس و گرفتی جیاجیا زیاتر روو دەدەن، بۆیە لەمە بەدواوە دەست بە دیالۆگ و دانووستانێكی چڕی نھێنی دەكەین و هەتا بكرێت ھەوڵ بۆ ئەوە دەدەین كە ھەموو شتێك لە كاتێكی گونجاودا بە پێی پێویست جێبەجێ بكرێت".
ئۆندەر لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لەبارەی چەكدانانی پەكەكە گوتی: "گفتوگۆكردنی پرسێكی بەمجۆرە لە رێگای كەناڵەكانی راگەیاندنەوە دەبێتە ھۆی كێشە و گرفت بەڵام كاتێك كە گەیشتینە ئەو ئاستە، بێگومان بۆ رای گشتی ئاشكرای دەكرێن بەڵام دەتوانم ئاماژە بەوە بكەم كە هەنووكە لەو بارەوە لەیەك تێگەیشتن و نزیكبوونەوەیەك ھەیە و لەمە بەدواوە ھەموو شت بە یەك لێدوانی ھاوبەش بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكرێ".
ئۆندەر لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لەبارەی لێدوانەكانی سەرۆكوەزیرانی توركیا كە گوتبووی ناكرێت بەشێوەیەكی دژبەر لە كەناڵەكاندا وەڵامی لێدوانەكانی یەكتر بدرێتەوە و ھەروەھا لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا ئەمجۆرە لێدوانانە نیشانەی یەكتر رەشكردنن یان هێمای دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێن؟ گوتی: "دوای دەستپێكردنی دانووستانەكان لەگەڵ ئیمراڵی، چەندین دیدار و سەردانمان بۆ ئیمراڵی ھەبوو كە بەدوور لە چاوی كامێراكان بوون و بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكران. كەس باسی ئەوشتانە ناكات چونكە ئەمانە ھەموویان پێشكەش كردنی زانیارین، بەڵام لەمەو بەدواوە لەگەڵ بەدەست خستنی ئەنجام یان بڕینی رێگایەكی زیاتر ئەوە لێدوان و پێشكەش كردنی زانیاری بە جۆرێك دەبێت كە خزمەتی قۆناغەكە بكات، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا رەنگە دەست بە ھاوبەشییەكی گەیاندنی بكەین".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا ئایا لەیلا زاناش دەچێتە ئیمراڵی؟ ئۆندەر گوتی: "بەڵێ ئەویش دێت و لەگەڵ خاتوو لەیلادا پێكەوە دەچینە قەندیل".
لە وەڵامی پرسیاری ھۆكارەكانی سەردانی ھاوسەرۆكی ھەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ رووسیا، ئۆندەر گوتی: "لە ھەر چوار لای جیھانەوە دەنگدەرمان ھەیە، بۆیە بۆ وەرگرتنی راوبۆچوونی ئەوانیش و ھەروەھا بۆ پێشكەش كردنی زانیاری لەبارەی قۆناغی ئێستاوە ئەوانیش مافی ئەوەیان ھەیە كە سەردانیان بكرێ و زانیارییان پێ بدرێت".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا كە ئایا ھەدەپە چۆن نێوەڕۆكی وشەی خۆسەری پڕ دەكاتەوە؟ ئۆندەر گوتی: "ئەو چەمكەی سیستەمی دیموكراسی كە ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیھاندا ھەیە و ئەو ئاستەی دیموكراسی كە لە جیھاندا ھەیە ناكرێ لە شوێنێكدا ھەموو دەسەڵاتەكان لە ناوەند كۆ بكرێنەوە، بۆیە لە پڕۆسەی بڕیاردان چەند خەڵك بەشدار بێت ئاستی دیموكراتیزەبوون پتر دەبێت، ئەمە شتێك نییە تایبەت بێ بە ناوچەیەكی جوگرافی یان ناسنامەیەكی نەتەوەیی و ئەتنیكییەوە".
لەوەڵامی پرسیارێكی دیكەدا ئایا پارتی دیموكراتی گەلان "ھەدەپە" وەكو پارت بەشداریی لە ھەڵبژاردنەكان دەكات یان نا؟ ئۆندەر گوتی: "ھەدەپە وەكو پارت بەشداری لە ھەڵبژاردنەكاندا دەكات".