جێگری سەرۆكی گشتی ئاكپارتی یاسین ئاكتای لە میانی بەشداریكردنی لە پێنجەمین كۆنگرەی پارتەكەی لە شاری سێرت باسی قۆناغی چارەسەریی كرد و گوتی:
"بە هۆی هەڕەشەكانی رێكخراوێكی چەكدارییەوە دەست بە قۆناغی چارەسەریی نەكراوە و هەر هەنگاوێك كە لە بواری چارەسەریی پرسی كوردەوە نراوە ئەوا لە دوای دامەزراندنی ئاكپارتییەوە نراوە".
ئاكتای گوتی: "قۆناغی چارەسەریی پرسی كورد قۆناغی ئاشتبوونەوەی توركیا لەگەڵ خەڵكی خۆیەتی، لە بواری قۆناغی چارەسەرییەوە چی پێویستە بكرێت ئەوا بەڵێنی جێبەجێكردنی دراوە و هەموو شتێك روون و ئاشكرایە، ئەمانە شتێك نین كە ئەمڕۆ ئەنجام درابن و نەك بە هۆی ئەوەی كە لە چەكی كەسێك یا رێكخراوێك ترسابین دەستمان بەو كارە كردووە. ئەو رێكخراوە كە چەكی لە دەستە بۆ ئەوەی قۆناغەكە تێك بدات ئەوەی لە دەستی دێت درێغی لێ ناكات، هەڕەشە لە خەڵك دەكات و هەندێ كەس و لایەنیش هەن وا نیشان دەدەن كە گوایا ئێمەیش لە بێچارەییدا خۆمان رادەستی ئەو رێكخراوە كردووە و هەر هەمان رێكخراو بە برا كوردەكانیشمان دەڵێت كە تۆ لە سایەی هەبوونی مندا كوردی و بەو جۆرە برا كوردەكانیشمان قەرزاری خۆی دەكات. بۆیە قۆناغی چارەسەریی پرسی كورد قۆناغی ئاشتبوونەوەی توركیا لەگەڵ خەڵكی خۆیەتی".
ئاكتای لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی:
"رەگەزپەرەستی و شۆڤەنییەت لە نێو ئاین و كەلتووردا هیچ جێگا و پێگایەكی نییە و چەند هەزار ساڵە لە سەر ئەم خاكەدا بەبێ ئەوەی رەگەزپەرەستی بكرێت پێكەوە ژیاوین و لەمەو بەدواوەیش بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە رەگەزپەرەستییەك بكرێت پێكەوە بەردەوام دەبین لە پێكەوە ژیان."
ئاكتای لە درێژەی قسەكانیدا دان بە ئەو سیاسەتانە دادەنێ كە دژ بە خەڵكی ئەو سنوورە كراوە و دەڵێ: "لە رابردوودا دەوڵەت بۆ تەواندنەوەی كورد، تورك و عەرەب سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی ( تەواندنەوەی) بەكار هێناوە، ئەم زمانە توركییەی كە ئەمڕۆ قسەی پێ دەكەین نە ئەو زمانە توركییەیە كە پێش 100 ساڵ قسەی پێكراوە. دەوڵەت سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی تەنیا لە دژی كورد بەكار نەهێناوە، بەڵكو بانگیشی كردە توركی بۆ ئەوەی عەرەبی قەدەغە بكات و هەوڵی بۆ ئاسمیلە كردنی عەرەبەكانیشدا. لە سرووشتی دەوڵەتی كەمالیستیدا ئاسمیلە كردنی بۆ هەموو كەس بوو. بەڵام ئاكپارتی شۆڕشی كرد و ئاسمیلاسیۆنی وەلاوە نا چونكە ئاسمیلاسیۆن رەفتارێكی سەردەمی نەزانی بوو، ئەمڕۆ گەلی ئێمە چی بێت ئێمە خزمەتكاری گەلین".
ئاكتای گوتی:
"ئەو رێكخراوەی كە ئیدیعای ئەوە دەكات خاوەنداریەتی لە كورد كردووە، گەورەترین ئاسیملاسیۆنی لە دژی كورد كردووە، چونكە هیچ ئاسیملاسیۆنێك بە ئەوەندەی دوور كردنەوەی كورد لە ئیسلام گەورە نییە، ئایا كەس هەیە لەو كوردییەی كە لە لایەن ئەو رێكخراوەوە و لە لایەن كەناڵەكانی نزیك لەو رێكخراوە قسەی پێ دەكرێت تێ بگات؟ ئەوانیش هەر وەكو چۆن كەمالیزم لەتوركیا زمانی ئاسمیلە كردووە ئەوا خەریكی ئاسمیلە كردنی زمانی كوردین".