سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە وەڵامەكەیدا رایگەیاندووە:
"موژدەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری كەركووك بەسەر تیرۆریستانی داعش هەموو كوردستانییەكی خۆشحاڵ كرد، سوپاس بۆ خوای مەزن، سوپاس بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانمان و دەستی هەموو لایەك خۆش بێت".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وەڵام نامەكەیدا هەروەها نووسیوێتی:
" سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە قارەمانەكانمان كە بە خوێنی خۆیان بەرگرییان لە خاك و كەرامەتی كوردستان كرد. هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارانی شەڕەكانی میحوەری كەركووك و هەموو بەرەكانی جەنگی دژی تیرۆریستان دەخوازم و سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ جەنابت و گشت فەرماندە و پێشمەرگە دلێرەكان بۆ ئەو هیمەتەی كردتان لە شكاندن و راوەدوونانی تیرۆریستان. دەستتان خۆش بێت".
رۆژی شەممە چەكدارانی داعش بە كەڵك وەرگرتن لە كەشوهەوای تەم و مژاوی ناوچەكە هێرشیان كردە سەر چەند ناوچەیەك لە باشووری كەركووك و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش دوای بەرگری لەو ناوچانە هێرشێكی پێچەوانەیان دەستپێكرد و بەهۆیەوە توانرا تەواوی ئەو شوێنانەی كە پێشتر داعش داگیری كردبوون، كۆنتڕۆڵی بكەنەوە.