بە رێپێوانێك لە پاركی شانەدەری شارێ هەولێر بۆ بەردەم نووسینگەی كۆنسوڵخانەی فەڕەنسا، یادی تیرۆر كردنی ساكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بەرز راگیرا.
خۆپێشاندەران بە گوتنەوەی دروشمەكانی "بێدەنگی ئێوە لە هاوبەشی ئێوەیە لەو تاوانەدا" داوایان لە حكوومەتی فەڕەنسا كرد بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە بكات.
خۆپێشاندەران لەبەردەم نووسینگەی كۆنسوڵخانەی فەڕەنسا بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و وێڕای ئیدانەكردنی تیرۆری ئەو سێ ژنە كوردە، داوایان كرد چیتر رێگە نەدرێت دژی ژنان و تێكۆشەرانی كورد تاوانی لەو شێوەیە لە ئەورووپا ئەنجام بدرێت.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: "دوو ساڵ بەسەر ئەم كۆمەڵكوژییە تێدەپەڕێت، وڵاتانی ئەرووپی هیچ هەوڵێكیان نەداوە بۆ ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە و لە ئاستیدا بێدەنگن و نایانەوێت تاوانباران بەسزا بگەن، ئەمە دەری دەخات كە هەموو ئەو وڵاتانەی خۆیان بە پارێزەرانی مافی مرۆڤ و ئازادی بە ناو دەكەن، بەشدارن لەم پیلانگێڕییەدا".
لە 9/1/2013 لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا سێ چالاكڤانی كورد بە ناوەكانی ساكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز كەوتنەبەر هێرشێكی چەكداری و تیرۆر كران.