جاران هەرێمی كوردستان و عێراق دوو دراوسێ بوون سەردان و پەیوەندی نێوان ئەم دوو دراوسێیە ئاسایی بوو. بەڵام بەهۆی هاتنی چەكدارانی داعش پەیوەندییەكانی هەردوولا گۆڕانی بەسەرداهات. بەتایبەتی هاتووچۆی نێوان هەولێر و موسڵ كە هەرێم و شارەكانی رۆژئاوای عێراق بەیەكەوە دەبەستنەوە.
لە ئێستادا ناوچەكە دەكرێتە دوو بەش، ئەوەی پێی دەگوترێ هەرێمی كوردستان، ژیان تیایدا ئاساییە وەك هەر وڵاتێكی دیكە لەپاڵ ئەویش پارێزگای نەینەوا كە هاوسنووری ھەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆكە، بەشی زۆری دراوسێیەتی هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عێراق پێك دەهێنێ بۆ ساڵێك دەڕوا چەكدارانی داعش تیایدا باڵا دەستن.
دوای ئەوەی چەكدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی پارساڵەوە هاتنە ناوەوەی عێراق، بەهۆی هاتنی داعش بەشێكی زۆر لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، شەڕ و پێكدادان گرتوویەتییەوە، ئەوەش وایكردوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەست تێكەڵ بەو جەنگە بكات و ساڵێكە لە 11 میحوەرەوە كورد شەڕی داعش دەكات.
بەهۆی جەنگی داعشەوە كورد زیانێكی زۆری پێگەیشتووە، لەشەڕی دژی ئەو رێكخراوە، بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 تا 10ی كانوونی دووەمی هەمان ساڵ 727 پێشمەرگە شەهید بوون، هەروەها 3 هەزارو 564 پێشمەرگەی دیكە بریندار بوون. لەگەڵ ئەوەش 34 پێشمەرگەش بێسەروشوێنن.
لە بەرامبەردا چەكدارانی داعشیش زیانی زۆریان پێگەیشتووە، جگەلەوەی ئاماری دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام رۆژانە بەرپرسانی پێشمەرگە لە میحوەرە جیاوازەكانی شەڕ ئاماری كوژراو بریندار و دەستگیركردنی چەكدارانی داعش رادەگەیەنین. ئەگەر بەقسەی بەرپرسانی كورد بێ زیانی داعش لە قوربانییەكانی پێشمەرگە زیاترن.
سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگە لە مانگی حوزەیرانی پارساڵەوە توانیوەتی لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە ناحیەی زوممار و رەبیعە و سنوونێ و لە كەركووكیش چەند گوند و ناوچەیەكی فراون و هەروەها لە میحوەری قەزای مەخموور و ناحیەی گوێڕ و جەلەولا و چەند گوند و ناوچەیەك لە دەست داعش دەربهێنن.
شەڕی داعش لەگەڵ پێشمەرگە درێژەی هەیە ساڵ پێی ناوەتە 2015 تا ئێستا بەشێك لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كە كورد بە خاكی خۆی دەزانێ لەژێر دەستی داعشدایە، بەتایبەتی شنگال كەبەلای پێشمەرگەوە گرنگە و بە شەڕی براوەی و یەكلاكەرەوەی لەگەڵ داعش دەزانێ.
ئەو ناوچانەی داعش تیایدا باڵا دەستە بەهۆی خراپی تۆڕەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت و نەبوونی هاتوچۆ، كەم كەس لە بارەی ژیانی موسڵی ئێستا ئاشنایە.تەنیا ئەوە نەبێ داعش موڵەت ناداتە دانیشتووانی موسڵ و ناوچەكانی ژێر دەستی بۆ هاتوچۆ كردن، هەروەها خەڵكی ناچار كردووە، پابەندی بنەماكانی ئایینی ئیسلام بن لەچوارچێوەی سیاسەتی خۆیان.
ژیان لەو ناوچانە تەنیا سەپاندنی سیاسەتی داعش نییە بەسەر دانیشتووانەكەی، گرانی و نەبوونی كارەبا و سووتەمەنی و خراپ بوونی باری ئابووری كەمی خزمەتگوزاری تەندروستی بووە بە گرفتێكی سەرەكی هاووڵاتییان و بەدەم ئەو ژیانەوە دەناڵێنن.
لەپاڵ بەردەوامی شەڕی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ چەكدارانی داعش و ئەو ژیانەی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش هەیە بەڵام لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، كە هاوسنووری ئەو جەنگەیە وەك رۆژانی پێش شەڕی داعش ژیان ئاساییە.
لە شارێكی وەكو هەولێر كە پایتەختی هەرێمەكەیە رێڕەوی ئاوەدانكردنەوە، ئاراستەی خۆی نەگۆڕیوە. بیناو باڵەخانە و بەرزە پردەكان. كرێكارانی بیانی كاری تێدا دەكەن، بازاڕ و چێشتخانە و ماركێت و یانەكانی شەوانە شەو تا درەنگ جمەیان دێ لە هاووڵاتییان.
هاتوچۆ و هاتنە دەرەوەی هاووڵاتییان، بەشەو درەنگێ لە هەندێ بازاڕیش تا بەرەبەیان بەشێكی تری ژیانی هاووڵاتییانی شارەكە پێك دەهێنێت.
لە هەولێر بازاڕی شەوان هەیە ئەو شوێنانەی كە خەڵكێكی زۆر رووی تێ دەكەن. بازاڕی ئیسكان كە دەكەوێتە ناوەندی شار و نزیك قەڵای هەولێرە لەگەڵ شەوانی ناحیەی عینكاوەی مەسیحی نشین.
چۆمان محەمەد گەنجێكی 20 ساڵە لە بازاڕی ئیسكان سیدی و كاسێتی گۆرانی دەفرۆشێ بە پەیامنێری ئانادۆڵوی گوت "شەو تا درەنگان بازاڕی ئیسكان كراوەیە هەندێ جار تا كاتژمێر سێی شەو دەمێنمەوە، خەڵكێكی زۆر روو لێرە دەكەن".
لە ئیسكان هەموو جۆرە خواردنێك دەست دەكەوێ بەهۆی هەرزانی نرخی خواردەمەنیش لەچاو خواردنی مۆڵ و بازاڕەكانی تر زۆرێك لە هاووڵاتییان بەتایبەتی خەڵكی گەشتیاریش روو لەم بازارە دەكەن و تا درەنگانی شەو دەمێننەوە.
تایبەتمەندی هەولێر لەوەدایە بەهۆی ئاسایش و جوڵەی بازرگانی ژمارەیەكی زۆر خەڵكی بیانی و شارەكانی تری عێراق روویان تێ كردووە. بەشێكیان بۆ كەسابەت و بەشێكی تریشیان وەك گەشتیارو پەنابەر نیشتەجێن.ئەبو ئەحمەد هاووڵاتییەكی شاری كەركووكە و چەند ساڵێكە بە مەبەستی كار رووی لە هەولێر كردووە.
ئەحمەد كاسبی كەركووكی هێناوەتە هەولێر و لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی ئەو شارە "قاوە" دەفرۆشێ بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "هەولێر شارێكی خۆشە چەند ساڵێكە لێرە كاسبی دەكەم، بەڵام لێرە گرانییە بۆ ئەوەی بژیت پێویستە زیاتر ئیش بكەیت".
جێگری پارێزگاری هەولێر تاهیر عەبدوڵا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ژیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بەراورد بە پێش شەڕی داعش و گەمارۆی ئابووری بەغدا بۆ سەر هەرێم جیاوازە، چوونكە ئابووری هەولێر و رێژەی گەشتیاران و رێرەوی بازرگانی خراپ بووە".
عەبدوڵا گوتیشی "ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە لە هەولێر ئاسایشمان هەیە بۆیە گەشبینین لەدوای رێكەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا بارودۆخەكە باشتریش دەبێتەوە".
رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، هەولێر. سلێمانی. دهۆك زیاتر لە پێنج ملیۆنە تەنیا پارێزگای هەولێر ملیۆن و 250 هەزار كەسن، لەناو سەنتەری شارەكەش نزیكەی 900 هەزار كەس دەژی. ئەو لە كاتێكدایە لەو هەرێمە زیاتر لە ملیۆن و نیوێك پەنابەری شارەكانی تری عێراق و وڵاتی سووریا بەهۆی جەنگەوە روویان تێ كردووە.