سلێمانی
لە ساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە، ئەمڕۆ چەند چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام درا و داوا كرا ئەنجامدەرانی تاوانەكە ئاشكرا بكرێن و بدرێنە دادگا.
سەرەتا لە قەزای چەمچەماڵ سەردانی گڵگۆی سۆرانی مامە حەمە كرا و تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەكەی دانرا.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە قاوەخانەی كولتووری شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی كەسوكار و بەرپرسان و رۆژنامەنووسان، یادی تیرۆركردنی ئەو رۆژنامەنووسە كرایەوە و خەڵاتی ئەمساڵی ئازادی رۆژنامەنووسی بەخشرایە سێ كەسایەتی.
سەرنووسەری گۆڤاری لڤین ئەحمەد میرە لە رێوڕەسمەكەدا گوتی: "تیرۆركردنی سۆرانی مامەحەمە لە مێژووی رۆژنامەگەری كوردیدا رووداوێكی ئاسایی نەبوو تەنها روو بدات و تێپەڕێت، بەڵكو زەنگێكی مەترسیدار بوو بۆ هەموو ئەوانەی جیاواز دەیان نووسی و جیاواز بیریان دەكردەوە و جیاواز بەدواداچونیان بۆ فایلەكانی گەندەڵی و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ لە كوردستاندا دەكرد".
میرە گوتی: "هەرچەندە ئەو تاریكبینانەی دەیانویست بە تیرۆركردنی سۆران و هاوڕێكانی كاروانی ئازادی رادەربڕین بوەستێنن، ئێستا هێندەی تر شەرمەندە و سەرشۆِڕن، چونكە شەهید سۆران بوو بە لاپەڕەیەك لە مێژووی ئازادی رادەربڕین لە جیهاندا و یەكێك لە هێما دیارەكانی ئازادی رادەربڕین و سەربەرزی لە كوردستاندا".
سەرنووسەری گۆڤاری لڤین داوای لە دەزگاکانی ئەمنی كەركووك كرد جارێكی تر ئەم دۆسییە بكەنەوە و هەموو ئەو سەرەداوانەی پێی گەشتوون بۆ رای گشتی كوردستانی ئاشكرا بكەن، هەروەها داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد دۆسیەی تیرۆری رۆژنامەنووسان بە هەند وەربگرێت و بیكاتە بەشێك لە ئەجێندای كارەكانی و پرۆژە یاسای تایبەتمەند بە سەلامەتی گیانی رۆژنامەنووسان ئامادە و پەسەند بكات.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد سادق بەبۆنەی ساڵیادی تیرۆركردنی سۆرانەوە لە پەیامێكدا كە لە رێوڕەسمەكەدا خوێندرایەوە تێیدا ئاماژەی كردووە بەوەی دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر كردەوەكەدا هەتا ئێستا ئەنجامدەرانی ئەو كردەوە دەستگیر نەكراون.
سەرۆكی پەرلەمان لە پەیامەكەیدا باسی لەوەش كردووە كە هەمیشە خۆیان بەپشتیوانی رۆژنامەنووسان زانیوە لە بەخشینی زانیاری و جەخت كردنەوە لەسەر پەیڕەوكردنی یاسای پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان.
رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنووسان رەحمان غەریب گوتی: "تیرۆر و كوشتن نامان ترسێنێ و تا یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی ئەو رۆژنامەنووسانە بەردەوام دەبین، بەتێپەڕبوونی كاتیش بەسەر ئەم روداوانەدا گومانی زیاتر لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دادگاكان زیاتر دەبێت".
هەر لە رێوڕەسمەكەدا خەڵاتی ئازادی رۆژنامەنووسی بەخشرایە سكرتێری حزبی سۆشیالست دیموكراتی كوردستان محەمەدی حاجی مەحموود و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان عەبدوڵا مەلا نوری و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سامان فەوزی كە هەرسێ كەسایەتییەكە لە ماوەی ئەو ساڵەدا رۆڵیان هەبووە لە ناوەندی رۆژنامەگەری كوردیدا.
سۆران مامە حەمە لەدایكبووی ساڵی ١٩٨٧ ی شاری كەركووكە و رۆژنامەنووسی سەربەخۆی گۆڤاری لڤین بوو، لە رۆژی ٢١ی تەمووزی ٢٠٠٨ لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە شاری كەركووك لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆر كرا.
سەرەڕای پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە دوای رووداوەكەوە بەڵام هەتا ئێستا دۆسیەی سۆرانی مامە حەمە بەكراوەیی ماوەتەوە و تاوانباران و هۆكاری كوشتنەكەشی روون نەبۆتەوە بەڵام هاوڕێ و كەسوكارەكەی هۆكارەكەی بۆ نووسینەكانی دەگێڕنەوە كە تێیدا رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و لایەنەکانی بەرپرسی كەركووك گرتووە.