Zana Natık Kerem
21 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2018
بەغدا ــ AA
جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەلاوی داوای کرد رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی کە ساختەکاریان لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا کردووە بگرێتەبەر و دووپاتی کردەوە، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە تایبەت بە سییەم ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان دەریکردووە، گۆڕزێکی گوشندە بوو بۆ ئەو کەسانەی کە ھەوڵی گەندەڵی دەدەن.
لە بەیاننامەیەکدا، ئەیاد عەلاوی رایگەیاندووە: "رێز لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەگرین کە تایبەت بە سییەم ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان دەریکردووە و پێوەی پابەندین".
جێگری سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشداوە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئەو کەسانەی کە ھەوڵی ساختەکاری و گەندەڵی دەدەن.
ئەیاد عەلاوی ئەوەشی گوتووە: "متمانەی تەواومان بە سەربەخۆیی دادگا و بڕیارکەی ھەیە کە بۆ دووبارە ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست دەریکردووە".
ئەیاد عەلاوی داواشی کردووە کە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی کە ساختەکاریان لە ھەڵبژاردنەکاندا ئەنجامداوە و ئەوانەشی پارێزگاریان لێ دەکەن، بگرێتەبەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێکدا رایگەیاندبوو کە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دووبارە ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەستوورییە، ھەروەھا ھەڵوەشاندنەوەی دەنگەکانی دەنگدەرانی تاراوگە، ئاوارەکان، ھێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە رەت دەکاتەوە.
شەشی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سێیەمجار یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەموار کردەوە کە بە پێی ھەموارکردنەوەکە، ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ١٢ی مانگی رابردوو، بەڕێوەچوو، بە ئامێری ئەلیکترۆنی ھەڵوەشاندەوە، ھەروەھات بڕیاردرا کە دووبارە دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکان بە دەست بژمێردرێنەوە و جیا بکرێنەوە.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ھاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٥٤ کورسی بەدەستھێناوە و دوای ئەو ھاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی ھادی عامری ٤٧ کورسی مسۆگەرکردووە و ھاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی ٤٢ کورسی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق، نوری مالیکی ٢٦ کورسی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانی وەتەنییە کە لە لایەن جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی سەرۆکایەتی دەکرێت،٢١ کورسی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم بووەتە خاوەنی ١٩ کورسی.