ھەولێر
ئێستا تەنیا حیزبەکانی کوردستانی ئێرانن کەناتوانن راستەوخۆ لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتەکەیان لەنزیکەوە گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەوە حیزبەکان کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمەتبار دەکەن بەڕەتکردنەوەی وتووێژ.
سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران مستەفا ھیجری، کە بارەگای سەرەکیان لە شاری کۆیە ٥٥ کم لەباشووری رۆژھەڵاتی شار ھەولێر دایە. لەھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ AA جەختیکردەوە کورد ھەردەم ویستوویەتی لەگەڵ تاران گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان، بەڵام بەقسەی ئەو کاربەدەستانی ئێران خوازیاری وتووێژ نین.
ھیجری گوتی: "بۆ نەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی کورد، حکومەت بەچاوی ئەمنی سەیری خەڵک دەکات، کاتێ ھاووڵاتییەک داوای ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی خۆی بکات، خێرا تۆمەتی نۆکەری بێگانە و دژە نیزامی دەدەنە پاڵ، بەوھۆیەوە سەدان تێکۆشەر لەسێدارە دراون ئێستاش زۆرێکیان لە زیندانن، ھەرئەوەش وایکردووە گەر دەرفەتێک بۆ گەنجانی کوردستانی ئێران ھەڵکەوێ، دێنە باشووری کوردستان یان دەچنە وڵاتانی دەرەوە."
جیاوازی کورد لە وڵاتی ئێراندا لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە ئەوەیە ئەوان ساڵانێکی زۆرە خاوەن حیزبی سیاسی و کاری رێکخراوەین لەبەرامبەر حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ساڵی ١٩٤٥ دامەزراوە. چالاکی و خەباتی سیاسی و چەکداریی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٨١ دەستپێکرد.
ھیجری لەبارەی رۆڵی کورد لەئێران گوتی: "کوردی رۆژھەڵات پێگەیەکی بەھێزیان ھەیە لە ئێران، نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش چاویان بڕیوەتە کورد ھەر ئەوەش وایکردووە رژێمی کۆماری ئیسلامی سڵ لە ماف و داخوازییەکانی کورد بکاتەوە، ئێران ترسی ھەیە ئەگەر قایل بوو ماف بداتە کورد نەتەوەکانی دیکە داوای مافی خۆیان بکەن، ئەوکاتە وڵاتەکە دەبێتە سەرچاوەی لێکترازانی جوگرافی."
ساڵی ٢٠٠٥ نەتەوەکانی کورد، عەرەب، ئازەر، بەلوچ، تورک، ھاوپەیمانییەکیان بەست بەناوی نەتەوەکانی ئێران و داوای "ئێرانێکی فیدراڵ"یانکرد، لەپێناو ئەوەی ھەموو نەتەوەکان لەناوچەکانی خۆیان دەسەڵاتی خۆ بەڕێوەبردنیان ھەبێ.
سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان لەو بارەوە دەڵێ: "کۆماری ئیسلامی بەفیدراڵی قایل نابێ و نایەوێ نەتەوەکان بەمافی خۆیان بگەن، خۆ ئەگەر فیدراڵیبێ ھەماھەنگی نێوان نەتەوەکان زیاتر دەبێ وڵاتەکەش لەسەر ئاستی دنیا ئێرانێکی جیاواز دەبێ لەگەڵ ئەوەی ئێستا."
لەبارەی مافەکانی کورد لە کابینەی نوێی حەسەن رۆحانی، مستەفا ھیجری گوتی: "رۆحانی پرۆژەیەکی گونجاو و لەباری پێ نییە بۆ کورد، ھەوڵەکانی ئێران لەگەڵ رۆژئاواو لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمە و بۆ باشکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتە ،ئەگینا ئێران بەرنامەی نییە ژیانی وڵاتەکەی باش بکات تەنیا لەسێ مانگی رابردووی حوکمی رۆحانی دەیان کەس لەسێدارە دراون."
کوردەکانی ئێران لەساڵانی ١٩٨٠ بەدواوە کەوتنە ناکۆکی قوڵ لەگەڵ رێبەرانی شۆڕش و ئینقلابی تازە سەرکەوتوو لەتاران، بەڵام گفتوگۆکان شکستیان دەھێنا، دوایین دیداری رەسمی و ئاشکرا ساڵی ١٩٨٩ بوو لەنێوان حیزبی دیموکراتی کوردستان و کاربەدەستانی ئێران کە دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو سەرۆکی حیزب بەشداریی تێدا کرد، لەڤیەننای پایتەختی نەمسا بوو. بەڵام لەو دیدارەدا قاسملوو و سێ لەھاوڕێکانی تیرۆر کران، حیزبی دیموکرات کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەئەنجامدانی ئەوکارە تاوانبار کرد.
مستەفا ھیجری لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی رایگەیاند: بەردەوام ھەوڵیانداوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دیدارو وتووێژیان ھەبێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو دەستپێشخەرییانەی رەتکردووەتەوە.
ھیجری گوتی: "ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیاری وتووێژ بکا، ئەوا کورد رازی دەبێ بەو شەرتەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی ناوبژیوانی بکات و مافی کورد بسەلمێنێ."
لە ئێران، بەگوێرەی ئامارە نا رەسمییەکان رێژەی کورد لەوڵاتە دەگەنە ١٠ ملیۆن کەس. ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی رۆژئاوا گەیشتوونەتەوە حەوت ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس.
لەدرێژەی گفتوگۆکەی لەگەڵ AA، مستەفا ھیجری باسی داھاتووی ئێران دەکات و گوتی: "حیزبی دیموکراتی کوردستان نزیکەی ٦٧ ساڵە بۆ ئازادیی نەتەوەی کورد خەبات دەکات، ئێستاش ھەر بەردەوامین، پێمانوایە سەردەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی بەسەرچووەو لەگەڵ دۆخی ئێستا گونجاو نییە."