کەرکووک
مانگی سووری تورکیا لە ھەنگاوی یەکەمدا، پاکێجی خۆراکی بەسەر ٤٤٠ خێزان لە کەمپی یەحیاوا ٢٥ کیلۆمەتر دوور لە باکووری رۆژھەڵاتی کەرکووک دابەش کرد. لە ھەنگاوی دووەمیشدا، پاکێجی خۆراکی پێشکەش بە ٢٠٠ خێزانی تورکمان لە ناوەندی شاری کەرکووک کرد.
بەرپرسی مانگی سووری تورکیا لە عێراق، شەفاق لۆستار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە ھاوکاریان پێشکەش بە ئاوارەکانی عێراق کردووە و بەم پێیەش یارمەتی ٣٠٠ خێزان لە شاری خانەقینی سەر بە دیالە و ھەروەھا ٤٠٠ خێزان لە شارۆچکەی توزخورماتووی سەر بە سەڵاحەدین دەکەن.
ھاوکات پەرلەمانتاری بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف کە بەشداری لە دابەشکردنی ھاوکارییەکان کرد، رایگەیاند کە تورکیا لەوەتەی دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ھاوکاری خێزانە تورکمانەکانی کردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا لە بواری ھاوکاری مرۆیی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان گەیشتووەتە لووتکە.
بەرپرسی بەرەی تورکمانی عێراق لە تەلەعفەر، حازم دەوڵەت رایگەیاند کە لەم کەمپە چوارھەزار خێزان دەمێنێتەوە و پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی زیاتر ھەیە.
لەلایەکی دیکەوە ئاوارەیەکی کەمپەکە بەناوی، عومەر ئەیاد کە خەڵکی تەلەعفەرە بەھۆی ھاوکارییە مرۆییەکانەوە، سوپاسی خۆی پێشکەش بە تورکیا و مانگی سووری تورکیا کرد و راشیگەیاند کە گەورەترین کێشەی کەمپەکە کارەبا و نەبوونی ئاوە.
ھاوکات ئاوارەیەکی دیکەی کەمپەکە کە خەڵکی شاری مووسڵە بەناوی رەعد دانوون رایگەیاند کە ئەگەر تورکیا نەبوایە ئەوە بارۆدۆخیان زۆر خراپ دەبوو.
تورکیا لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤ەوە ھاوکارییەکانی بۆ تورکیا دەست پێ کردووە، ھاوکات ژمارەی بارھەڵگرەکانی ھاوکاری مرۆیی تورکیا بۆ عێراق هەتا ئێستا ٨٠٠ی تێپەڕاندووە.