جهزائیر
سەركۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند، لەگەڵ سەركۆماری جەزائیر عەبدلعەزیز بوتفلیقە كۆبووەوە.
ئۆلاند كە لەسەر بانگهێشتی بوتفلیقە سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە، لە پاش كۆبوونەوەكان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد.
فڕانسوا ئۆلاند، ئاماژەی بە گرنگی كۆبوونەوەكان كرد و رایگەیاند"لەگەڵ لێپرسراوانی جەزائیردا پێكەوە هەوڵەكانمان خستۆتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی ناوچەكە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی تەندروستی بوتفلیقە، ئۆلاند گوتی: "من پزیشك نیم، كەسێك نیم لەبارەی تەندروستی بوتفلیقەوە قسە بكەم. بەڵام بەو پێیەی من بینیم تەندروستی باشە و توانای بیركردنەوەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەكانی ناوچەكە لەجێی خۆیەتی".
هاوكات لەبارەی ئەو بانگەشانەی باس لە كوشتنی سەركردەی رێكخراوی قاعیدە لە رۆژئاوای عەرەبی موختار بەلموختار دەكەن، ئۆلاند رایگەیاند كە وڵاتەكەی ناتوانێت هەواڵی كوشتنی بەلموختار پشتراست بكاتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە سەرۆكی پەرلەمانی جەزائیر عەبدلقادر بن ساڵح، سەرۆكوەزیران عەبدلمەلیك سەلال، وەزیری دەوڵەت ئەحمەد ئویەحیا و وەزیری دەرەوە و هاریكاری نێودەوڵەتی رەمەزان لامارا ئامادەبوون.