دەرسیم
یەکێک لە خاڵەکانی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن لە تورکیا، ھەڵگرتنی ناوە سەپێنراوەکانی شارو گوندەکان بوو. ھەربۆیە دوای ئاشکراکردنی پاکێجەکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی تورکیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان)ەوە، خەڵکی زۆربەی گوندەکانی سەربە دەرسیم، کەوتوونەتە خۆیان و دەیانەوێ بەشێوەیەکی رەسمی ناوە سەپێنراوەکان لەسەر گوندەکانیان لابدەن و ناوەکانی پێشووی بۆ بگەڕێننەوە.
ئیسماعیل کاسون، موختاری گوندی پیلڤانک کە ناوی دەدەئەغاچی بەسەردا سەپێنراوە، بە(AA)ی راگەیاند "بۆ گۆڕینی ناوی گوندەکەمان لە دەدەئاغاچییەوە بۆ ناوەکەی پێشووی کە پیلڤانکە، ھەنگاوی باشمان ناوەو تا ئێستایش کارە کان بەباشی دەڕۆن".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی پاکێجەکە بە بانگەشەی ھەڵبژاردن دادەنێن کاسون گوتی "ھەرچۆنێک بێ پێویستە سوود لە دەرفەتی باش وەربگرین. گۆڕینی ناوی گوندەکان لەبەرژەوەندیی خۆمانە و ھەنگاوی جددیمان ناوە و سوورین لەسەر گۆڕینی ناوەکان".
لەلایەکی دیکەوە یوجەل ئارسڵان کە داوایکردووە ناوی گوندەکەیان لە باشاکچییەوە بگۆڕێ بۆ ناوەکەی جارانی کە تاپدیکە، گوتی "ئێستا لە رەسمییاتدا گوندەکەمان بە باشاکچی ناودەبرێ و دوای پاکێجەکە ھەوڵەکانمان چڕکردوەتەوە بۆ لادانی ئەو ناوە سەپێنراوە و گێڕانەوەی بۆ ناوی پێشووی".
ھەروەھا ئارسڵان لەبارەی ھەنگاوەکانی داھاتوو گوتی "گۆڕینی ناوی گوندەکان بەس نییە، داوای تەواوی مافەکانمان دەکەین. بەھۆی سیستم و یاسای پێشووەوە گەنجەکانمان زمانی کوردییان لەبیر کردووە. پێویستە ئەوە چارەبکرێ. ئێستایش چاوەڕێی پەسەندکردنی یاسای گۆڕینی ناوی گوندەکان دەکەین لەلایەن پەرلەمانەوە".