ھەولێر
شێخ جەنگی ساڵەیی، ئەندامی ئەنجومەنی جڤاتی نیشتمانی (سەرکردایەتی)ی بزووتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆلو پارتی دیموکراتی کوردستانی بە ئەنجامدانی ساختە" زۆر " لە ھەولێر تۆمەتبار دەکات و دەڵێ "ئێمە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان قوربانیی ساختەکاریی پارتی دیموکراتی کوردستانین لە ھەولێر".
جەنگی بە دووری دەزانێ یەکێتیی نیشتمانی توانیبێتی لە پارێزگای ھەولێر ساختە بکا "باوەڕناکەم یەکێتی لە ھەولێر ساختەی کردبێ، ئەگەر کردبێتی زۆر کەمە"، ساڵەیی نیگەرانیی بزووتنەوەکەشی نەشاردەوە لە کوشتنی گەنجێک لە بەردەم بنکەیەکی دەنگداندا لە رۆژی دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١ی ئەم مانگە.
شێخ جەنگی ساڵەیی لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئەنادۆڵو دەڵێ " ئێمە وەکو گۆڕان دەنگەکەمان بەبەراورد لەگەڵ ھەڵبژاردنی پێشوو لە پارێزگای ھەولێر زۆر زیادیکردووە و لەم ھەڵبژاردنە لە پارێزگای ھەولێر زیاتر لە ١٠٠ ھەزار دەنگمان ھێناوە".
ئەندامەکەی جڤاتی بزووتنەوەی گۆڕان باس لە پێشێلکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەڵێت لە ھەموو ئەو ھەزار و ٧٦١ وێستگەیەی لە ھەولێر ھەبوون، ساختەکارییان ئەنجامداوە و دەشڵێت "بنکە نەماوە لە شاری ھەولێر پارتی ساختەی و پێشێلکاری تێدا نەکردبێ".
دەشڵێ، پارتی ھێزە چەکدارەکان و ئاسایش و پۆلیسی لە چەندین شوێن بۆ "ئەنجامدانی ساختە و ھەڕەشەکردن لە دەنگدەران بەکارھێناوە". ھەروەھا دەڵی "پارتی ساختەی وای لە ھەولێر کردووە کە شەیتانیش عەقڵی پێنابڕێت".
ساڵەیی لەبارەی ئەو سکاڵایانەی لە کۆمسیۆن لە پارێزگای ھەولێر تۆماریانکردووە دەڵێ ئەوەندە زۆرە" مەگەر دەفتەرێک بێنی ئینجا بەش بکا"، ئەو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە ھەولێر بە"بێلایەن" نازانێ و دەڵێ " لە ھەولێر شەریکی پارتی بوون لە ساختەکاری". وەک بەڵگە بۆ ئەم قسەیەیشی دەڵێ "لە چەندین شوێن سکاڵامان لەسەر پێشێلکارییەکان داوەتە کۆمسیۆن، بەڵام ھیچ ئیجرائاتێکیان نەکردووە".
ساڵەیی روونی دەکاتەوە "زیاتر لە ١٠٠ سکاڵامان لە ھەولێر داوەتە کۆمسیۆن". بە بێئومێدیشەوە لە کۆمسیۆن دەڵێ "باوەڕ ناکەم ئەو سکاڵایانە ھیچ بگۆڕن، چونکە کۆمسیۆن ھیچ ئیجرائاتێک بۆ ئەو سکاڵایانەی ئێمە ناکا".