ھەولێر
ئەندامی پەرلەمانی سوێد جەبار ئەمین کە وەک ئەندامی تیمێکی پەرلەمانتارانی سوێد چاودێریی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە رایگەیاند "یەکێک لە کەموکوڕییەکانی دەنگدان لە ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، نەھاتنەوەی ناوی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەران بوو، ئەوەش بووە ھۆی بێبەشبوونیان لە دەنگدان".
ھەروەھا گوتی "لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ساختەکاریش ھەبوو لەگەڵ بوونی بانگەشەی لیستەکان لە نزیک وێستگەکانی دەنگدان، لەگەڵ ئەوەیشدا لەچاو وڵاتانی عێراق و سوریا و تورکیا و ئێران، ھەڵبژاردنی کوردستان ھەنگاوێکی باش بوو".
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارەی سوێد، گرنگترین شت ئەوەیە ھاوڵاتیانی کوردستان لە کەشێکی ئارامدا بەشدارییان لەşھەڵبژاردندا کرد، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە.
ئەمین گوتی "کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و لایەنە سیاسییەکان، بەرپرسی یەکەمن لە بەدواداچوون بۆ ئەو کەموکوڕییانەی ھەبوون بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنێکی تر دووبارە نەبنەوە".
کاتژمێر ٥ی ئێوارەی دوێنێ ٢١ی ئەیلول بنکەکانی ھەڵبژاردن داخران، چاوەڕوان دەکرێ تا کۆتایی ٢٥ی ئەم مانگە ئەنجامی گشتی ھەڵبژاردنەکان یەکلای بکرێتەوە.
تیمی پەرلەمانتارانی سوێد رەخنە لە پرۆسەی ئاشکراکردنی دەنگەکان دەگرێ، جەبار ئەمین دەڵێ "بەداخەوە کردنەوەی سندوقەکان، زۆر بەخاوی بەڕێوە دەچێ، دەکرا پلانێکی باشتری بۆ دابنرابایە بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان رابگەیەنرایە".
بەمەبەستی چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکە ١٩٢ چاودێری بیانی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبیەوە ھاتبوونە ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ١٧٨٩ چاودێری ناوخۆ.
پاش یەکلاکردنەوەی دەنگەکان و کۆتایی ھاتنی پرۆسەی ھەڵبژاردن، تیمی چاودێری پەرلەمانی سوێد راپۆرتێک لە سەر تێبینەکانیان دەدەنە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی لە عێراق و پەرلەمانی سوێد.
رۆژی ٢١ی ئەیلول ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لە ھەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان ھەبوو.
پاش تەواوبوونی دەنگدان ئێوارەی ٢١ی مانگ، سەربەست مستەفا سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند "بەگشتی رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتی ٧٣,٩% بووە، لە پارێزگای ھەولێر ٧١,٧% و لە دھۆک ٧٦,٤% و لە سلێمانی ٧٣%بووە".
پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان_عێراق، مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢، کە لە (١٩.٥.١٩٩٢) یەکەم ھەڵبژاردن ئەنجامدرا کە نزیکەی ١ ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کرد. بەپێی یاسای ژمارە ١ پەرلەمانی کوردستان، پێکدێت لە ١١١ کورسی ١٠٠ کورسی بۆ حزبە کوردییەکان، ١١ کورسیش بۆ نەتەوەکانی تر. تورکمان ٥ کورسی کلد و ئاشور ٥ نەتەوەی ئەرمەنیش ١ کورسی.
مێژووی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان.
خولی یەکەم: ساڵی ١٩٩٢
خوولی دووەم: ساڵی ٢٠٠٥
خوولی سێیەم: ساڵی ٢٠٠٩
خوولی چوارەم: ساڵی ٢٠١٣