گوێڕ
هەفتەیەك نزیك دەبێتەوە، بەسەر دزەكردنی چەكدارانی داعش بۆ نێو سەنتەری ناحیەی گوێڕ لە ئێستادا رەوشەكە ئاساییە، وەكو پێشتر پێشمەرگەو چەكدارانی داعش ئاوێك سنووری نێوانیان جیا دەكاتەوە.
رۆژی 10ی ئەم مانگە چەكدارانی داعش لەرێگای ئاوەوە هاتنە ناو ناحیەكە و هێرشیان كردە سەر هێزەكانی ئاسایشی سەر بە هەرێمی كوردستان لەو شارە و زیانیان پێ گەیاندن.
دوای ئەو رووداوە لە ئێستادا ناحێیەی گوێڕ هێزێكی زۆری لە چەكداری تایبەتی پێشمەرگەی تێدا جێگیركراوە، جاران یەك بازگەی هەبوو دوای رووداوەكە سێ خاڵی پشكنینی تێدا دروستكراوە، لە رێگا سەرەكییەكان، چەكدارەكان لە ئامادەباشیدان و بەوردی چاودێری دەكەن.
لە ناو سەنتەری ناحیەكە كەمتر هاووڵاتی سڤیل بەرچاو دەكەون، كە پرسیار لەسەر گەڕانەوەی هاووڵاتییان دەكەی پێشمەرگەكان دەڵێن "سەنتەری ناحیەكە هاوسنووری چەكدارانی داعشە، تەنیا سنووری هەر دوولا ئاوێك جیای دەكاتەوە، بۆیە جارێ هەموو كەسێك نایەوێ بگەڕێتەوە".
سنووری نێوان چەكدارانی داعش و هێزەكانی پێشمەرگە لەڕووی رۆژئاوای گوێڕەوە تەنیا ئاوێكە و هاتوچۆ و پەڕینەوەی هەردوولاش پێویستی بە بەلەم و كەرەستەی پەڕینەوەی ئاو هەیە وپردی نێوان ئەوبەری رووبار كە داعشی تێدایە و ئەم بەریش كە پێشمەرگەیە تەقێنراوەتەوە.
بەرپرسی میحوەری گوێڕی هێزەكانی پێشمەرگە قادر قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "چەند رۆژێك پێش ئەمڕۆ چەكدارانی داعش دیارە خەڵكی شارەزایان لەگەڵدا بووە، چوونكە لە سەدا حەفتای خەڵكی گوندەكانی ئەو بەری ئاو عەرەبن. ئەوان دزەیان كردبوو بۆ ناو سەنتەری ناحیەی گوێڕ و توانیان بچنە ناو چەند خانوویەك پەلاماری هێزەكانی پێشمەرگە بدەن، كەلە برایانی ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ بوون، دیارە چەند پێشمەرگەیەكیان شەهید كردبوو و ئەوانیش ژمارەیەكیان لێ كوژرابوو. دواتر بە رێگای ئاو رایانكردەوە، شوێنی خۆیان".
قادر قادر گوتیشی "لە ئێستادا رەوشەكە زۆر ئارامە پێشمەرگە زیاتر لە ئامادەباشیدایە بێگومان هاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ ئێرە گرنگی خۆی هەبوو. ئەو دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە چەكدارانی داعشیان شكاندووە. خۆزگە هەموو لایەك گوێی لەپەیوەندیەكانی داعش دەبوو ئەوكاتە دەیانزانی چەكدارانی داعش چەند كەسیان لێ كوژراوە، چەند تەرمیان ئاو بردویەتی".
سەبارەت بە چەكی نوێ و خۆپاراستنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ دووبارە نەبوونەوەی رووداوەكان، بەرپرسی میحوەری گوێڕ قادر قادر دەڵێ: "چەكی ئێمە چەكی بیروباوەڕە، رەنگە هەندێ چەكی نوێمان وەكو دۆشكەو میلان و بیكەسی بۆ هاتبێ بەڵام هەر ئەو چەكانەمان پێیە كە ساڵانی رابردووش پێمان بووە، چوونكە ئێمە بەكرێ گیراونین، وەكو داعش لە وڵاتانی ترەوە نەهاتووین، كەس نازانێ ئەوان ئەسڵیان چیە. سەد داعشی تر دروست ببێ ناتوانێ رووبەڕووی هێزی پێشمەرگە ببێتەوە".
قادر قادر كەبەرپرسی دەزگای ئەیلولی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە سەڕەرای تەمەنی لە60 ساڵ بە سەرەوەیە شان بەشانی پێشمەرگەكان چەكی قەناسی هەڵگرتووە و ئۆتۆمبێل لێ دەخوڕێت.
لە میانەی گفتوگۆی لەگەڵ پەیامنێری ئانادۆڵو لە گوێڕ قادر قادر باسی لە رۆڵی فڕۆكە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان كرد وەك هێزەكانی پێشمەرگە باسیان دەكرد چەكدارەكانی داعش كەمترین جموجوڵیان هەیە لەترسی فڕۆكە و ناتوانن شوێنەكانیان جێ گۆڕكێ بكەن.
بەرپرسی میحوەری گوێڕ دەڵێ: "هاوكاری فڕۆكەكان بەردەوامە، بێگومان رۆڵی باشیان گێڕاوە لەسەركوتكردنی چەكدارانی داعش. بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین هەموو پێشمەرگەیەكی كوردستان، بەهاوكاری فڕۆكە شەڕكەرەكان و هاوكاری وڵاتانی هاوپەیمان دڵخۆشە".