هەولێر
لە نێوان سووربوونی دەوڵەتی قانوون و رەتکردنەوەی رەوتی سەدر و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و کورد و سوننەکان، بۆ کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق، مالیکی دەستی بەجموجۆلی دبلۆماسی کردووە، تا لەبری دەستبەرداربوونی لەکاندیدیکردنی خۆی، رەزامەندی لایەنەکانی هاوپەیمانی شیعە و مەرجعی ئاینی وەرگرێت، تا تارق نەجم بەرێوەبەری نووسینگەکەی وەک تاکە کاندیدی هاوپەیمانی نیشتمانی قبووڵ بکرێت.
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی نیشتیمانی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئێوارەی ئەمرۆ هەریەکە لە نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی قانون و ئیبراهیم جەعفەری سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی و عەممار ئەلحکیم سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کۆدەبنەوە و لەسەر فشار و داواکاری مەرجعی ئایینی شیعەکان عەلی سیستانی گفتوگۆ دەکەن، بەو ئامانجەی بتوانن کەسێک لەنێو هاوپەیمانی نیشتیمانی دەستنیشان بکەن کە رای زۆرینەی پێکهاتەکانی عێراقی لەسەر بێت.
بەگوتەی سەرچاوەکە، مالیکی دڵنیا بووە لەوەی کەبەربەستی زۆری لەپێشە و ناتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەسەرۆکوەزیران، بۆیە کەوتۆتە جموجۆڵی دبلۆماسی تا لە بری خۆی رەزامەندی لایەنەکانی شیعە وەرگرێت لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لەخۆکاندیدکردنی خۆی هاوپەیمانی نیشتیمانی پشتگیری لە بەرێوەبەری نووسینگەکەی تارق نەجم بکات.
سەبارەت بەهەڵوێستی کورد لەبەرامبەر تارق نەجم، ئەندامی لیژنەی دانووستکاری کورد عادل نوری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کورد کێشەی لەگەڵ ناو نییە، بەڵکو کێشەی کورد لە بەغدا لە چۆنییەتی حکومڕانی ئەو کەسەیە کە عێراق بەرێوەدەبات، ئەو زیاتر گوتی لە کاتێکدا ئەگەر هاوپەیمانی نیشتیمانی لەسەر تارق نەجم رێککەوتن ئەو کات کوردیش قسەی خۆی دەبێت و رای خۆمان بەڕاشکاوی رادەگەینین.
عادل نوری کە هاوکات پەرلەمنتاری هاوپەیمانی کوردستانیشە لەبەغدا ئەوەشی راگەیاند: "تارق نەجم یان هەر ناوێکی دیکە وەک کاندیدی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەکان بخرێتە روو، کێشە نابێت، بەڵکو تاکە خواستی کورد ئەوەیە کە هەر کەسێک بیەوێت پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێبدرێت، دەبێ بریارەکانی جەماعی بێت و هەموو پێکهاتەکانی دیکە تێدا بەشدار بن، ئەو سەرۆکە پێویستە سەرۆکی هەموو پێکهاتەکان بێت و بەرژەوەندی هەمووان بپاریزێت."
تارق عەبدوڵلا نەجم، بەڕێوەبەری نووسینگەی نوری مالكی لە ساڵی 1946 لە پارێزگای ناسریە لەدایك بووە، دكتۆرای لە زمانی عەرەبی لە زانكۆی قاهیرە بەدەستهێناوە و لە ساڵی 2002 رەگەزنامەی بەریتانی وەرگرتووە. لە ساڵی 2006 بوو بە بەرپرسی نووسینگەی نوری مالیكی.