ئەنقەرە
گفتوگۆ توندەکانی لایەنەکانی لیژنەی كاروباری ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا لەمەڕ تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای "كۆتاییھێنان بە تیرۆر و بەھێزكردنەوەی یەكێتیی كۆمەڵایەیی" تایبەت بە قۆناغی ئاشتی بەردەوامی هەیە.
پەرلەمانتاری جەهەپە سەزگین تانریكوڵو لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە ئاماژەی بەوە کرد کە بە ئەرێنییەوە دەڕواننە پڕۆژە یاساکە، جگە لەو خاڵانای تایبەتن بە پێنەدانی بەرپرسیارێتی بە کەسانی یاسایی و ئیداریی و فەرمانبەرانی حکومی.
تانریقوڵو ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆژەکە هیچ رێکخستنەوەیەکی نوێی تیادا نییە و ئاماژەشی بەوە کرد کە "پڕۆژەکە بەپێی خواستەکانی حکومەت دارێژراوە"، راشیگەیاند کە دەبوو کێشەکە لە ناو ئیرادەی هاوبەشی پەرلەماندا جارەسەر بکرایە.
هەروەها پەرلەمانتار لەسەر لیستی مەهەپە فاروق باڵ ئاماژە بەوە دەکا کە لە پڕۆژە یاساکەدا دیار نییە چ هەنگاوێک دەنرێ لەبارەی قۆناغی چارەسەرییەوە.
باڵ ئاماژەی بەوەشدا کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا، پەکەکە دەستی کردووە بە "کۆکردنەوەی باج و دانانی دادگا و رێگەگرتن لە خەڵک" گوتیشی کە ئەوە ناوی دەوڵەتی فعلییە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە، باڵ گوتی: "خۆی لە خۆیدا لەناو یاسای 'گەڕانەوە بۆ ماڵەوە'دا رێکخستنەوەی تایبەت هەیە بەوانەی لە شاخ دێنە خوارەوە و دەگەڕێنەوە تورکیا، لەم پڕۆژەیەدا هەنگاوی پێویست نەنراوە بۆ کردنەوەی رێی سیاسەت لە بەردەم ئەو ئەندامانەی گروپی تیرۆریستی کە دەگەڕێنەوە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، باڵ ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە عەبدولڵا ئۆجەلان لە کاتێکدا لە ئێستادا سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە، پێگەی سەرکردەی کوردەکانی پێدراوە و گوتی: "ئەوەی پەکەکە بە چەک و تیرۆر و خوێنرشتن بەدەستی نەهێنا، ئێوە لەسەر سینییەک خستانە بەردەمی، دەچن و لەگەڵ ئۆجەلان دادەنیشن، ئێوە مافی ئەوەتان نییە و دەسەڵاتی ئەوەشتان نییە، پەکەکە دەزانێ چی دەوێ، ئێوە دەزانن چەنێک لەو داخوازییانەی پەکەکە جێبەجێ دەکەن؟ ئەگەر دەزانن ئەوە دەبێ لەگەڵ ئێمەش باسی بکەن."
هەرچی پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە شاری ئادییەمان (سەمسوور) ساڵح فوراتە، ئاماژە بەوە دەکا کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێداندا هەنگاوی "گرنگ" نراوە لەبارەی "دیموکراتیزەبوونی زیاتری تورکیا."
فورات ئاماژەی بەوە دا کە کوردەکان لە تورکیا خوازیارن بە بنەماکانی مافی مرۆڤ بگەن و جگە لەمە شتێکی دیکەیان داوا نەکردووە و گوتی: "با چیتر رزگارمان بێ لەو فۆبیایەی کە باس لە دابەشبوونی تورکیا دەکا، کوردەکان دەیانەوێ بە برایانە لەگەڵ هەموو گەلاندا بژین، نایانەوێ دابەش بن."
فورات لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئاماژەی بە ئازادبوونی ئاخاوتن بە زمانی کوردی کرد و رایگەیاند، "ئێستا رادیۆ و تەلەفیزیۆن ئازادە، بەڵام تورکیا هیچ کات دابەش نەبووە."
فورات باسی لەوەش کرد کە ماوەی ١٩ مانگە چەکەکان بێدەنگ بوونە و دوپاتیشی کردەوە کە ئەو لەو بڕوایەدایە قۆناغی ئاشتی بە ئەنجامی کۆتایی دەگا.