Ramal Abdullah Mahmood
04 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2017
دۆحە – AA
قەتەر بە تۆمەتی پێشێلکردن و کاریگەری دروستکردن لەسەر ئاسایشی دەریاوانی، سکاڵای لە رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی لەسەر ئەو وڵاتە عەرەبیانە تۆمار کرد کە پەیوەندییان لەگەڵ بڕیوە.
ئاژانسی هەواڵیی قەتەر QNA بڵاوی کردەوە، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی قەتەر، جاسم سڵێتی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەگەڵ سکرتێری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی، کیتاک لیم کۆبۆوە.
هەواڵەکە ئاماژەی بەوە داوە لە میانی پەیوەندییەکەدا سەرنج بۆ پێشێلکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کراوە لەبارەی دەریاوانی لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاندووە و هەڕەشەی جددیان لەسەر قەتەر درووستکردووە و زیانیان بەو وڵاتە گەیاندووە. سڵێتی ئاماژەی بەوەداوە لەبارەی پێشێلکارییەکان لەسەر ئاسایشی دەریاوانی بە هۆی گەمارۆدانی وڵاتەکەیان دۆسیەیەکی پێشکەشی لیمی کردووە.
هەریەک لە سعوودیە، بەحرێن، ئیمارات، میسر و یەمەن دوای ئەوەی لە ٥ی ئەم مانگە قەتەریان بە ''پشتیوانییکردنی تیرۆر تۆمەتبار کرد''، رایانگەیاند کە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسیییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا پچڕاندووە.
سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن کایەی ئاسمانییان بە رووی قەتەردا داخست و داوایان لە کەسایەتییە دیپلۆماسییە قەتەرییەکان کرد لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا وڵاتەکانیان جێبهێڵن. هەروەها سعوودیە سنووری وشکانیشی بە رووی قەتەردا داخست کە تاکە سنووری وشکانی قەتەرە.
سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر چەند رۆژێک دوای بڕیارەکە لیستێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە ناوی ٥٩ کەس و ١٢ رێکخراوی خێرخوازی لەسەر بوو و بە تۆمەتی "پەیوەندی هەبوون لەگەڵ تیرۆر" خستیانە ناو "لیستی تیرۆر" و بانگەشەی ئەوەیشیان کرد کە قەتەر پشتگیری ئەو کەس و رێکخراوانە دەکات.