Ramal Abdullah Mahmood
31 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2017
ئەنقەرە – AA
دەرکەوت کە گرتەی ڤیدیۆیی سەربازانی تورکیا کە لەسەر سنوور بە خراپی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە بە نایاسایی دەیانەوێت سنوور ببەزێنن لە دەرەوەی وڵات بڵاوکراوەتەوە. مەبەستیش لەم کارە هەستیارە لێدان و ئیحراجکردنی تورکیا و سوپای تورکیایە.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، هەر لە دوای بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تیایدا ژمارەیەک پۆلیس بە خراپی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە بە نایاسایی دەیانەوێت سنوور ببەزێنن، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە لیژنەیەکی بەدواداچوونی کارگێڕی راسپێردرا.
بە پێی بەدواداچوونەکانی لیژنەکە، ئەم رووداوە دەورووبەری کاتژمێر ١١:٠٠ی ٢٥ی تەمووز لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکانی سەرسنوور روویداوە. چوار هاووڵاتیی سووری کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی نایاسایی بێنە ناو خاکی تورکیا لە ناوچەی سەفەرلی-سیڤری لە لایەن سەربازی پیادە س. ب. و عەریفی پیادە ئە. پ. شوێنەکانیان دەستنیشان دەکرێت. دواتر س. ب. ئەو هاووڵاتییە سووریە دەستگیرکراوانەی بردە بنکەی ئێشکگر. دوای گۆڕینی شفت ئێشکگران عەریفی پیادە ی. گ. و سەربازی پیادە ئە. ئو. هاتنە ئەو بنکەیە.
لە کاتێکدا سەربازان لەو کەسانە دەدەن کە بە نایاسایی دەیانەوێت سنوور ببەزێنن، عەریفی پیادە ی. گ. لە رێگەی مۆبایلەوە گرتەی رووداوەکە تۆمار دەکات.
رۆژێک دواتر ی. گ. گرتەی رووداوەکە لە رێگەی واتساپەوە بۆ فەریدە ئا دەنێرێت کە لە ئەڵمانیا دەژیت و بە ناوی ئەگیدۆ تۆم ئەپڵکەیشنی واتساپ بەکار دەهێنێت.
لیژنەی بەدواداچوون ناردنی گرتە ڤیدیۆییەکان بۆ دەرەوەی وڵات بە "مەبەستدار" لێکدەدەنەوە، مەبەستیش لەم کارە هەستیارە لێدان و ئیحراجکردنی تورکیا و سوپای تورکیایە.