كەرکووک
لەمیانی بەشداری كردنی لە یادی ٢٤ ساڵەی دامەزراندنی پارتی ئازادی كوردستان كە لە ئێران چالاكیەكانی خۆی بەردەوامی پێ دەدات، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگە كەمال كەركووكی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و ئابووری و یاسایی و دیپلۆماتی و سەربازییەوە بوونی خۆی سەلماندووە و دروست كردنی دەوڵەتێكی كوردیشی بە مافی رەوای كورد زانی، كە هاوكات ئەو دەوڵەتە لەگەڵ دراوسێكانیدا پەیوەندیەكی باشی دەبێت لەرووی دیموكراسیەوە بناغەكەی پتەو دەبێت .
كەركووكی ئاماژەی بەوەدا كە لە ئێستادا سوپای عێراق توانای بەرگری كردنی لە خەڵك و دەسەڵاتی بەسەر حوكمڕانیدا نەماوە ، تەنیا هەرێمی كوردستانە لەدژی داعش دەجەنگێت و لەناوچەكەی خۆی دووریخستۆتەوە .
لەبەشێكی تری گووتەكانیدا كەمال كەركووكی ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان پەیوەندیەكی ئابووری و سیاسی بەهێزی لەگەڵ توركیا هەیە و هاوكات گوتەكانی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێم بەرزنرخانە و بە هەڵسەنگاندنێكی بەنرخی وەسف كرد .
كەركووكی لەبەرامبەر گوتەكانی ئەردۆغان لەسەر پرسی سەربەخۆیی گوتی: "ئەردۆغان كاتێك دەڵێت 'پرسی جیابوونەوەی هەرێم ، پرسێكی عێراقیە ، ئەگەر ئەوە لە عێراقدا رووبدا ئەوا كێشەیەكی نێوخۆییە'، ئەمە گوتەیەكی باشە و سوپاسی ئەردۆغان دەكەین بۆ ئەو گوتەیەی، هەرێمی كوردستان پەیوەندیەكی باشی هەیە لەگەڵ هەموو دراوسێكانیدا بەتایبەت توركیا، كە هیوادارین ئەو هاریكاریەشمان بەردەوامی هەبیت.
یەكێكی تر لە بەشداربوانی مەراسیمی یاد كردنەوەكە، عەلی قازی، كوڕی پێشەوا قازی محمەد بوو، ناوبراو گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوەدا كە دەبێت ئەمڕۆ تەواوی كورد یەك هەڵوێست بن و یەك بگرن بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی مافەكانیان و گوتی: "باوكم هەمیشە دەویست كورد یەكبگرن و بۆ ئەو ئامانجە تێدەكۆشا ،ئێستا تەمەنم ٨١ ساڵە ، لەو بڕوایەدام ، پێش مردنم، كورد دەوڵەتی خۆی دادەمەزرێنێت، منیش ئەمە دەبینم".
حسێن یەزدان پەنا فەرماندەی ناوچەیی (پاك) ئاماژەی بەوەدا لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ەوە لە باشووری كەركووك لە دژی داعش جەنگاوە و رایگەیاند كە كورد مافی دیاری كردنی مافی چارەسی خۆنوسینی هەیە.
پێشتر لە میانی بەرنامەیەكی كەناڵی ئا خەبەری توركیدا، سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر پرسی هەڵكردنی گلۆپی سەوز لەلایەن ئەمریكاوە بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی سەربەخۆبوون و جیابوونەوەی لە عێراق، ئاماژەی بەوەدابوو كە دەبێت بچنە وردەكاری رووداوەكەوە و پرسەكەشی بە مەسەلەیەكی نێوخۆیی عێراق وەسف كردو گوتی: "واتە ئەگەر عێراق خۆی ئەنجامێكی وا دابەشكاری بەدی بهێنێت، ئەمە كێشەیەكی نێوخۆیی عێراقە ، بەدەر لەمە ، بیر كردنەوە لە هەر شتێكی تر لەناو سنووری ئێمەدا یان قسە كردن لەسەری ، ئەوا پەیوەستە بە یەكڕیزی خاكی ئێمەوە و ،رێگە بە كارێكی لەو چەشنە نادەین".