جنێڤ
دوای رێکەوتنی ئێران و پێنج ئەندامە ھەمیشەییەکەو ئەڵمانیا ٥+١ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا، جۆن کیری.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو رێکەوتننامەیە گوتی: "مەبەستی سەرەکیمان پاراستی ئاسایشی جیھانە، رزگارکردنی خەڵکە لە دڵەخورپەی توندوتیژیی. دەمانەوێ جیھان بخەینە رەوشێکی ئارامترەوە. ئەوە ھەنگاوی یەکەمەو کاردەکەین بۆ فراوانکردنی ئەو بازنەیە."
کیری بەمجۆرە باسی لە سوودەکانی ئەو رێکەوتننامەیە کرد: "ئەو رێکەوتننامەیە ئاسایشی ناوچەکە بەرەو بارێکی باش دەبا، بەتایبەتی ئیسرائیلی ھاوپەیمانمان لە دڵەخورپەی نەبوونی ئاسایش دوور دەخاتەوە. بێگومان رێکەوتننامەکە بۆ ھەموو لایەنێک زەحمەتەو ئاسان نییە. بەڵام جگە لەو رێیە ئێران ناتوانێ بیسەلمێنێ کە مەبەستێکی خراپی لە بەرھەمھێنانی وزەی ناوەکی نییە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رێکەوتنەکەی بە سەرکەوتوو لەقەڵەمداو ئەو شەش مانگەی بە شەش مانگی دوور لە ناڕەحەتیی لەڕووی ئاسایشەوە وەسفکرد.