سلێمانی
جێگری سەرکۆماری عێراق (خوزەیر خوزاعی) بۆ تاوتوێکردنی " میساقی شەرەف" لەنێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لەگەڵ سەرۆکی حیزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دیداریکرد.
خوزاعی لەبارەی کاردانەوەی سەرکردە کوردەکان، رۆژی چوارشەممە لەشاری سلێمانی گوتی " بەدەمەوە ھاتنێکی باشیان ھەبووە بۆ پرۆژەکەمان، دوای تەواوکردنی گفتوگۆکانمان، لەشاری بەغدا کۆنگرەیەکی نیشتمانی دەبەستین بۆ ئیمزاکردنی میساقی شەرەفی نیشتمانی نیشتمانی".
خوزاعی لەدوای سەردانی ھەر یەکە لەیەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان (نەوشیروان مستەفا)و سەرکردەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبووەو لەبارەی پرۆژەکەیەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد.