واشنتۆن
لەدوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی ھێرش کردنە سەر سوریا لەلایەن ئەمریکاوە، ئێستا چۆنێتی بەڕێوەبردن و تەکتیکی ھێرشەکە، بووەتە جێی مشتومڕی گۆنگرێسمانەکانی ئەو وڵاتە.
(جۆن مەککین ) کۆنگرێسمانی کۆماریخوازەکان لە لەبارەی ھێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا بۆ سەر سوریا ھۆشداریی دا لەبارەی ھەر ھەڵەیەکی تەکنیکی کە دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی ڕژێمی بەشار ئەسەدو ئامانجی ھێرشەکە پێچەوانە دەکاتەوە.
مەککین لەکاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی CNN دا باسی لە نیگەرانییەکانی خۆی کردو گوتی " نابێ ھێرشەکە تەنیا ھاویشتنی چەند موشەکێک بێ، ئوگەر واکرا دەبێتە پڕو پاگەندەیەکی بەھێز بۆ بەشار ئەسەدو ھاوسۆزیی زۆری بۆ مسۆگەر دەکات".
بەشێکی دیکە لە کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا باسی ئەوە دەکەن کە دەبێ سەرۆک ئۆباما پرس و راوێژ بەگۆنگرێس بکات ھەرکاتێ بەنیازی ئەنجامدانی ھێرشبێ بۆ سەر سوریا.
ڕۆد ئیسلاند، کۆنگرێسمانی دیموکراتیخوازەکان گوتی " پەلاماردانی سوریا ناکرێت بەتەنیا ئەمریکا ئەنجامی بدا، بەڵکو دەبێ وڵاتانی ئەوروپا، تورکیا، فەرەنسا، بەریتانیایش ببنە ھاوبەش لەگەڵ سوپای ئەمریکا. دۆخەکە ھەستیارەو ناکرێت بەجۆرێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە ببێتە وا لێکبدرێتەوە کە شەڕی وڵاتانی ڕۆژئاواو ئیسلامە".ھەروەھا سەرۆکی کۆمیتەی دەرەوەی کۆنگرێس (ئەد ڕۆیس) داوایکرد لەسەرۆکی ئەمریکا، پرسی ھێرشکردنە سەر سوریا بکاتە خواستی خەڵکی ئەمریکا ئەوکاتە دەستبەکاربێ لەپلانەکانیدا.