ھەولێر
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر لیوا عەبدولخالق تەلعەت لە ھۆڵی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس باسی لە دەستگیر کردنی باندێکی دزی ئۆتۆمبێل کرد.
لە کۆنگرەکە لیوا عەبدولخالق تەلعەت راگەیاند"لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند کەسێک لە گەڕەکەکانی عەرەب نشینی شاری ھەولێر رێگە لە چەند عەرەبەک دەگرن و بە ناوی دەزگای ئاسایش و بە بیانووی ئەوەی کە کارتی نشینگەیان تەواو بووە، دەستگیریان دەکەن دواتر ئوتۆمبێلەکانیان کە لە جۆری لاند کرۆزەر (وەنەوشە) بووە، دەیدزن و ئەم حاڵەتە چوار جار دووبارە دووبارە بووەتەوە.
پاش لێکۆڵینەوەی پۆلیسی ھەولێر بە ھاوکاری ئاسایشی پیرمام توانراوە چوار تاوانبار ئاشکرا بکەن کە لە ئێستادا سێ کەس دەستگیر کراون و تەنیا یەکێکیان ماوە".
ھەر سێ تاوانباری دەستگیرکراو دانیان بە تاوانەکانیان ناوە و ئەوان بە جلوبەرگ و ئوتۆمبێلی سەربازی ئەو کارەیان کردووە و ھەروەھا لە کاتی تاوانی پێنجەم دەستگیر کراون و دەرکەوتووە کە ئەو ئوتومبێلانەشیان لە سلێمانی فرۆشتووە.
لیوا عەبدولخالق تەلعەت لەبەشێکی دیکەی کۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا باسی لە پلانی پۆلیس بۆ رۆژانی جەژن کرد و گوتی: "خۆشبەختانە ئەمسالیش وەک ساڵانی پێشتر لە ماوەی مانگی رەمەزان بەپێی پلانەکانی ئێمە ھیچ رووداوێک رووینەداوە کە شایەنی باسکردن بێت، سەرەرای ئەوەش خەڵک تاوەکو درەنگانێکی شەو لە بازاڕەکان، مۆڵەکان، مزگەوتەکان دەمانەوە توانیمان وەک ھێزەکانی ئەمنی کەشێکی ئاسوودە بۆ ھەولێر برەخسێنین".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر گوتیشی: "خەڵک دەتوانن لە رۆژانی جەژن بە ئاسوودەی سەردانی خزم و کەسیان بکەنەوە ھەموو شوێنە گشتییەکان، لە گەڕەکەکان، لە مۆڵەکان ھێزی پۆلیس لە ئامادەباشیدا دەبێت".