ئەنقەرە
سەرۆكی گشتی ئاك پارتی، ئەحمەد داودئۆغڵو لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی ھەدەپە لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتێكی ھاوپەیمانێتی، لە ناوەندی گشتی ئاك پارتی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخست.
سەرۆكی گشتی ئاك پارتی ئەحمەد داودئۆغڵو: "چەك دانان بەھەرچی شێوەیەك بێت لە توركیا ئەنجام دەدرێت، پێكەوە ئەمە ئەنجام دەدەین. ئێوە بانگەشەی بۆ بكەن و لە توركیا گشت چەكەكان رادەست بكرێنەوە. بەرێز دەمیرتاش شتێكی جوانی گوت 'لەگەڵ زیادبوونی دیموكراتی پێویستە بەكارھێنانی چەكیش كەمبكرێتەوە پاشانیش نەمێنێت'. ئەمە ئەو وتەیەیە كە دەمانەوێت بیبیستین".
داودئۆغڵو: "پێویستە گشت ئەو پەیمانانەی لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەریی پەیوەندیدار بە چەك دانان و كشانەوەی چەكداران بۆ دەرەوەی توركیا دران بەجێ بگەیەنرێن. بەم پێیەش ژینگەیەكی ئەرێنی لە ژێر بنەمای دادپەروەریی و دیموكراسی و ئاشتی لە توركیا دێتە ئاراوە. پێویستە گشت پارتەكان بەھەمان شێوە ھەستیار بن لەبارەی پاراستنی دیموكراسی، ھەموو ئەمانەمان بە ئازایانە تاوتوێ كرد".
ئەحمەد داودئۆغڵولە درێژەدا گوتیشی: " ھەدەپە و گشت پارتەكانی دیكە ھەموو پێكەوە ئەوە رادەگەیەنین كە ئیتر لە توركیا تیرۆر، توندوتیژی نییە، لێرەوە دەمەوێت بانگەشە بۆ ئەوە بكەم من ئامادەم واژۆ لە سەر نووسراوێكی ئاوا بكەم".
داودئۆغڵو زیاتر گوتی: "پێویستە ئێمە وەك سەركردەی پارتەكانی توركیا كە ركابەری بۆ دیموكراتی دەكەین لە بەیاننامەیەكدا رابگەیەنین كە ئامادەین دیموكراسی توركیا بەرزبكەینەوە بۆ ئاستی ستاندارد و لەم بارەیەوەش ئەوەی لە دەستمان دێت بیكەین ھاوكات لەم بەرخودانەش پێویستە بەھیچ شێوەیەك لێبوردەیی بەرامبەر ھیچ رووداوێكی توندوتیژی و گوشار نەنوێنین".