حکومەتی سعودیە سێ ملیار دۆلاری وەک کۆمەک بۆ سوپای لوبنان نارد، میشێل سلێمان، سەرۆکی لوبنان ئاشکرایکرد: حکومەتی سعودیە بۆ کڕینی چەکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ سوپای لوبنان، بڕیاریداوە بڕی سێ ملیار دۆلاریان پێشکەش بکا وەکو یارمەتی.
سلێمان گوتی:" ئەوە گەورەترین و بەھادارترین کۆمەکە لە مێژووی وڵاتی لوبنان، ئەو کۆمەکە بەسە بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی سوپای وڵاتەکەمان، بەتایبەتی لەم کاتەدا ئەوە بە پاڵپشتێکی باش دەزانم بۆ لوبنان، چونکە لەڕێی ئەو چەکانەی دەیکڕین و دابەشی سەر سوپای دەکەین دەتوانین ریزەکانی سوپا تۆکمەتر بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دوژمنان، ھەروەھا بەشێوەیەکی باشتر وڵات لە ھەڕەشەی تێکدەران دەپارێزین."
سلێمان پێیوایە لەوەتەی شەڕی سوریا دەستیێکردووە، لوبنانیش پریشکی شەڕی بەرکەوتووە، بەتایبەتی شەڕی مەزھەبی کە خەریکە دزە دەکاتە وڵاتەکەیانەوە.