ھەولێر
تاریق جەوھەر راویژکاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ئەمرۆ یەکشەمە رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمرۆی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان. پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان تاوتوێکراوە.
تاریق لە گونگرەیەکی رۆژنامەنووسی روونیکردەوە نامەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کە پێنج شەمەی رابردوو بۆ پەرلەمانی ناردبوو لە راپۆرتی لیژنەکانی پەرلەماندا کاری لەسەرکراوە.
لەکۆبوونەوەی ئەمرۆدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دوای ئەوەی ھەندێ وردەکاریی خستەڕوو، روونیکردەوە کە پێداچوونەوە بە تۆماری ناوی دەنگدەران چارەسەری کەموکوڕی و کێشەکانی ئەم پرسە دەکا.
لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان جەختی کردەوە لەسەر پێدانی دەرفەت و کاتی زیاتر بەکۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان تا بتوانن ئەرکی خۆیان لەم مەسەلەیەدا جێبەجێ بکەن.
بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان ئەوان پێشنیاری ئەوەیان کرد ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١ی ١١ی ٢٠١٣ لەگەڵ ھەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێ.
بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بەپێویستی دەزانێ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ٢١ی ئەیلول ئەنجام بدرێ.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەتەنیا ناتوانێ بڕیار لەسەر ئەم مەسەلە گرنگە بدا. ئەم بابەتە پێویستە لەلایەن کۆمسیۆنەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە یا سەرۆکایەتی ھەرێم یا حکومەتی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی لەسەر بکەن.
ھەرکاتێکیش ئەو لایەنانە لەگەڵ کۆمسیۆن گەیشتنە ئەنجام بێگومان پەرلەمانیش دەتوانێ، بەپێی یاسا ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکاتەوە.