خەیروڵا سەروخان
لەھەولێر
مستەفا عیسۆ سکرتێری گشتی پارتی ئازادیی کورد لەسوریا رایگەیاند: لەگەڵ ئیئتیلافی ھێزە شۆڕشگێڕەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، کۆمیتەی ھاوبەشیان پێکەوەناوەو بانگی لەھێزە کوردییەکانی سوریا کرد زیاتر کۆشش بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی بەشەار ئەسەد.
عیسۆ لەھەولێر قسەی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کردو گوتی " چارەنووسی کورد عەرەبان ھاوبەشن و ئاییندەکەیان پێکەوە بەستراوە، بۆیە پێویستە لەدژ رژێمی ئەسەد وەخۆ کەوین و پێکەوە ھاریکاربین"
عیسۆ حەفتەی رابردوو سەری لەتورکیا دا و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دیدارو وتووێژی کردبووە، لەبارەی سەردانەکەی وەھایگوت " گفتوگۆکان سەرکەوتوو و بە کەڵکبوون، بۆ دامەزراندنی سوریایەکی دیموکرات پێویستە کورد لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بجوڵێ ئەم تێڕوانینەشمان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێکرد، ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سزریا کار بکەین".
سکرتێری پارتی ئازادیی کورد لەسوریا ھەروەھا گوتی "بۆ ئەوەی کورد لە دژ رژێمی بەعس بجوڵێ دەبێ پێویستە دان بەناسنامەی نەتەوەییدا بنرێ و ئەوە بخرێتە نێو دەستووری داھاتووی سوریا. ھیوا دارین ئۆپۆزسیۆن لە سوریا ئاماژە بە نەتەوبونی کورد بکات و پەسەند بکات کە کورد مافی ھەیە. کەچی تا ئێستا ئۆپۆزسیۆنی سوریا نییەتێکی وای نیشان نەداوە".
عیسۆ راگەیاند کە لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ ئیئتیلافی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کۆبوونەتەوەو بڕیاریانداوە حەفتەی داھاتووکۆمیتەی ھاوبەش پێکبێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تا بزانن بارودۆخی کورد چۆن دەبێ، لەوبارەیەوە راپۆرت ئامادە دەکەن.
-
عیسۆ لەبارەی شەڕی نێوان ھێزەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD و بەرەی نوسرە گوتی " بێدەنگی رژێمی سوریا لەبەرامبەر ئەو شەڕە، نیشانی دەدا کە خوازیارە شەڕ گەورە ببێ، ھێڕش کردنە سەر کورد رژێم ناروخێنێ بەڵکو تەمەنی درێژ دەکات".
- ھەوڵی پەیەدە بۆ دامەزراندنی حکوومەت
مستەفا عیسۆ دەڵێ پشتگریی ئەوە ناکەن پەیەدە حکومەتی کاتی دامەزرێنێ، لەناوچە کوردییەکان کۆمیتە ھەن. ئەوانە پێداویستییەکانی خەڵکی کورد دابین دەکەن.