Mümin Altaş,Tayfun Salcı,Ramal Abdullah Mahmood
27 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2017
لەندەن – AA
سەرۆکوزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەریتانیا رایگەیاند "تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە لە سەروویانەوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا دەکەین. ئەم سەردانە دەرفەتی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانمان دەڕەخسێنێت".
بینالی یڵدرم لە میانی سەردانە فەرمیەکەیدا بۆ بەریتانیا لە تەلاری سەرۆکوەزیران لە ١٠ داونینگ ستریت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، تێرێزا مای کۆبووەوە.

لەو بەشەی کۆبوونەوە دووقۆڵیەکەی نێوان یڵدرم و مای کە بۆ میدیاکان کراوە بوو، یڵدرم رایگەیاند کە سەردانەکەی مای لە سەرەتای ساڵ بۆ تورکیا دەرفەتی وەبەرهێنان و هەماهەنگی نوێی لە بواری پیشەسازی بەرگریدا کردەوە و گوتی: "تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە لە سەروویانەوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا دەکەین. ئەم سەردانە دەرفەتی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانمان دەڕەخسێنێت".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مای ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا کرد و گوتی: "لە زۆر پرسی جیهانیدا دەبینە دانوستانکاری هاوبەش و پێکەوە بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە. هەروەها قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیشمان گەیشتۆتە ١٥ ملیار ئیستەرلین. خۆشحاڵم بەو پێشهاتانەی لە پەیوەندییەکانماندا روویداوە لەو کاتەوەی کە سەردانی تورکیام کردووە".
دوای کۆبووەوە دووقۆڵیەکەی نێوان یڵدرم و مای هەردووکیان بەرەو هۆڵی کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وڵات بەڕێ کەوتن.
گەورە دانوستانکار و وهزیری كاروباری یهكێتیی ئهورووپا لە حکوومەتی تورکیا، عومهر چهلیك و وەزیری ئابووری، نیهات زەیبەکچی و وەزیری ناوخۆ، سولەیمان سۆیڵو و وەزیری بەرگری، نورەددین جانیکلی و باڵیۆزی تورکیا لە لەندەن، عەبدولڕەحمان بیلگیچ و گەورە راوێژکار بۆ سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران، کەریم ئوراس یاوەری یڵدرم دەکەن لەسەردانەکەی بۆ لەندەن.