هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە ١٤/١/٢٠١٤ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە شاری ھەولێر پێشوازی لە بان کی مۆن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێک کە لە ماڵپەڕی رەسمیی سەرۆکایەتیی ھەرێم بڵاو کراوەتەوە، لەو دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکوومەت و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و سیاسیی ھەرێمی کوردستان ئەنجام درا، بان کی مۆن خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێم پیشان دا، ھاوکات ستایشی "پێشکەوتن و ئارامی و سەقامگیری و بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان"ی کرد و ڕایگەیاند ھەرێمی کوردستان رێگەیەکی درێژی لە بواری بنیاتنانەوە و خزمەتگوزاری و تەلارسازی و ژێرخانی ئابووریدا بڕیوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی گەلی کوردستان و سەرۆک بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد بۆ ھاوکاری و بەدەنگەوەھاتنی ئاوارەکانی سووریا و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بەڕووی پەنابەرانی سووریا و جەختیشی لەوە کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ھەوڵ دەدات ئەوەی لە دەستی بێت بۆ گەیاندنی ھاوکاری بۆ ئاوارەکان بیکا."
لەبارەی ھەلومەرجی عێراقیشەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ڕەوشی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە زۆر پرس ھەیە و پێویستە کاری بۆ بکرێت بە تایبەت لە شێوازی دابەشکردنی داھات، ھەروەھا جەختیشی کردەوە کە پێویستە خەڵکی عێراق سیستەمێکی فیدراڵ و دیموکراتی دەستەبەر بکەن.
لە بارەی دۆخی سوریایشەوە بان کی مۆن رایگەیاند چارەسەری قەیرانی سووریا کارێکی ئاسان نییە و ڕێگەی سەربازی ھیچ ئەنجامی نابێت و تەنیا ڕێگەچارەی سیاسییە ئەنجامی لێ دەکەوێتەوە و ھیوای خواست کە لە کۆنفڕانسی جنێڤ ٢ ـدا دەنگی کورد بە باشی ببیسترێت و ڕێگە بە ھەموو دەنگ و خواستەکانی نێو سووریا بە کوردیشەوە بدرێ.
لە بەرانبەردا بارزانی بەخێرھاتنی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و شاندغ یاوەری بۆ ھەرێمی کوردستان و شاری ھەولێر کرد.
بارزانی لە بارەی دۆخی سووریاوە ئاماژەی بەوەدا ھەر لە سەرەتای دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی سووریا ھەرێمی کوردستان سنوورەکانی خۆی بەسەر خەڵکی سووریا بە بێ جیاوازی کردەوە و پێشوازی لە ئاوارەکان کرد. "گەلی کورد زۆر باش لە دەردی ئەو میللەتانە دەگات کە دەکەونە ژێر شاڵاوی ڕژێمێکی دڕندە."
سەرۆکی هەرێم گوتی بۆ خەڵکی ئێمە یارمەتیدانی پەنابەران ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤییە، ئێستا ڕێژەیەکی زۆری پەنابەر لە ھەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن و لە تواناکانی ھەرێمی کوردستان تێپەڕیوە و پێویستمان بە یارمەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەیە.
بارزانی ھیوایشی خواست کۆنفڕانسی ژێنێڤ ٢ ئەنجامی باشی ھەبێت و دۆخێک بێتە ئارا کە پەنابەران بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و کۆتایی بە نەھامەتییەکانی گەلی سوریا بێت و خەڵکی ئەو وڵاتە لە ئارامیدا بژین.
سەبارەت بە کێشەکانی عێراق و پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ، بارزانی ئاماژەی بەوەدا لە عێراقدا دەستورێک ھەیە کە سرووشتی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدای پێناسە کردووە و ئەرک و مافەکانی ھەموو لایەکی دەستنیشان کردووە." ئێمە پابەندین بەو دەستوورەوە و پابەندبوون بە دەستوور گەرەنتییەکە بۆ مانەوەی عێراق و داوا لە گشت لایەک دەکەین پابەندی دەستوور بن. .ئێمە ھەوڵدەدەین بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستور کێشەکان چارەسەر بکەین."
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن ئەمڕۆ گەیشتە ھەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرا و دواتر سەردانی کەمپی ئاوارە سوریەکانی لە کەورگۆسک کرد. دوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کۆتایی بە گەشتەکەی بۆ ھەرێم ھێنا.