ھەولێر
پارتە کوردیەکانی سوریا لەژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕی سوریا لە ئامادەکاریدان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی جنێڤ ٢.
لەبارەی دەنگۆی بانگھێشتکردنی پەیەدە بۆ کۆنگرەی جنێڤ٢ لەلایەن سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بانکی مۆنەوە، سەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم ئەو ھەواڵەی بەدرۆ خستەوەو لە لێدوانێکی بۆ AA رایگەیاند: ھیچ داوەتێک لەلایەن بانکی مۆنەوە بۆ بەشداریکردنمان لە کۆنگرەی جنێڤ٢ نەھاتووە.
موسلیم لە قسەکانیدا ئاماژەی بە خواستی بەشداریکردنیان لە جنێڤ ٢ بە مەرجی بانگھێشتکردنیان کرد گوتی: ئەگەر بانگھێشتی تایبەتی بکرێین ئەوا ئامادەی جنێڤ ٢ دەبین، دەیانەوێ بەزۆر بمانخەنە ژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕی سوریا، ئیمە ئەوەمان ناوێ، وەک پەیەدە نا وەک ئەنجومەنی باڵای کورد دەمانەوێ بەشداری بکەین، ئەوەش لەلایەن ئەمریکا و تورکیا و رژێمی سوریاوە قبوڵ ناکرێ، کێشەی کورد بەھیچ شێوەیەک لە جنێڤ ٢ باس ناکرێ.
لە لێدوانەکەیدا سەرۆکی پەیەدە موسلیم گوتی: ھیچ کێشیەکمان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان نیە، بەرنامەیەکمان لەبەردەستدا نیە بۆ سەردانی ھەولێر، بەڵام ئەگەر بانگھێشت بکرێم دەچم.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا لە ھەولێر نوری بریمۆ سەبارەت بە بەشداریکردنی پارتەکەیان بۆ کۆنفرانسی جنێڤ ٢، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری AA گوتی: پارتەکانی ژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا لە ژێر باڵی ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕی سوریا بەشداری لە کۆنگرەی جنێڤ ٢ دەکەن.
بریمۆ لە لێدوانەکەیدا باسی لە دوو داواکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لایەنی رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردو گوتی: نەتەوەیەکگرتووەکان بە جیا نەیویست بانگھێشتی لایەنی کوردی بۆ جنێڤ ٢ بکا، بەھۆی ئەوەی کە مەزھەب و نەتەوەی جیاجیا لە سوریا ھەیە، دەبێ بەجیا بانگھێشتی سەرجەم لایەنەکان بکا، یاخود داواکاریەکی لەو شێوەیە لەلایەن ئەوانەوە دەکرێ، بۆیە ئێمە وەک ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا لە ژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕی سوریا بەشداری لە کۆنفرانسی جنێڤ ٢ دەکەین.
بریمۆ رایگەیاند: بەھۆی ئەوەی لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە بانگھێشتی تایبەت نەکراوین بۆ لایەنی کوردی وەک لایەنێکی سەربەخۆ ناتوانن شاند رەوانەی کۆنفرانسی جنێڤ ٢ بکا.
لەلایەکی ترەوە سکرتێری پارتی ئازادی موستەفا جومعە گوتی: لەچەند رۆژی رابردودا رێکەوتن لەنێوان ئەنجومەنی گەلی رۆژئاواو ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا بۆ بەشداریکردنی یەک لیست وەک لایەنی کوردی ئیمزا کرا، بەڵام بەداخەوە پەیەدە پابەندی رێکەوتنەکەی ھەولێر نابێ، بۆیە وەک لایەنی کوردی لەژێر چەتری ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی شۆڕشگێڕی سوریا بەشداری لە کۆنگرەی جنێڤ ٢ دەکەین.
چاوەڕواندەکرێ لە ٢٢ کانونی دووەم کۆنفرانسی جنێڤ٢ لە سویسرا ساز بکرێ.