Zana Natık Kerem
19 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2018
تاران ــ AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەھرام قاسمی رایگەیاند، ئەو بڕیارەی ئوستڕاڵیا کە تیایدا دانی ناوە بە قودسی رۆژئاوا وەک پایتەختی ئیسرائیل، پێشێلکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە.
بەھرام قاسمی لە بارەی ئەو بڕیارەی ئوستڕاڵیا کە تیایدا دانی ناوە بە قودسی رۆژئاوا وەک پایتەختی ئیسرائیل، بۆ ئاژانسی ھەواڵیی زانکۆی ئیسلامی ئازاد (ئانا) دوا و ئەو بڕیارەی ئوستڕاڵیای وای لەقەڵەمدا کە بڕیارێکی ھەڵە و ھەژمارنەکراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەھرام قاسمی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو بڕیارەی ئوستڕاڵیا، پێشێلکردنی سەرجەم بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە پەیوەست بە خاکی داگیرکراوی فەڵەستین.
بەھرام قاسمی روونشیکردەوە کە ئەو ھەنگاوەی ئوستڕاڵیا، بگرە نەک ھەر کێشەکانی فەڵەستین و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر ناکات، بەڵکو گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر دەکات.
رۆژی شەممەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی ئوستڕاڵیا، سکۆت مۆریسن رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی داندەنێت بە قودسی رۆژئاوا وەک پایتەختی ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەشدابوو کە ئوستڕاڵیا باڵیۆزخانەکەی لە تەل ئەبیب-ەوە ناگوازێتەوە بۆ قودس تا ئەو کاتەی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەگەڵ فەڵەستینییەکان یەکلایی دەکرێنەوە.