Hemn Baban
10 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڤاڵا فەرید رایگەیاند "پێویستە دان بەوەدا بنێین کە مافی جیاوازییمان لە یەکتر ھەیە، مافی بوون و مافی ئەوەی جیاوازبین لە رووی ئایین، نەتەوە، کولتوور، زمان، رەگەز، دانپێدانان بە بوونی بەرامبەر و بوونی جیاوازییەکان بنەچەی ژیانی مرۆڤایەتی دروست دەکەن".
ڤاڵا فەرید لە میانی بەشداریکردنی لە یەکەم کۆنفڕانسی دیالۆگی شارستانیی کە کۆمەڵەی (EAST) بۆ دیالۆگی شارستانییەتەکان لە شاری ھەولێر و لەژێر ناونیشانی" پێکەوەژیان لە پێناو ژیانێکی باشتر" سازیکردووە گوتی: "پێویستە دان بەوەدا بنێین کە مافی جیاوازییمان لەیەکتر ھەیە، مافی بوون و مافی ئەوەی جیاوازبین لە رووی ئایین، نەتەوە، کولتوور، زمان، رەگەز، دانپێدانان بە بوونی بەرامبەر و بوونی جیاوازییەکان بنەچەی ژیانی مرۆڤایەتی دروست دەکەن".
ئەو گوتیشی: "بێگومان دادپەروەری و ئازادی دوو کۆڵەکەی گرنگن و پێکەوەژیانی پێکھاتەکان لە کۆمەڵگە بەرجەستە دەکەن، پیادەکردنی مافە سیاسی و مەدەنییەکان بێ جیاوازیکردن لە ئایین و مەزھەب و زمان و کولتوور ئەوە فەراھەم دەکات کە ژیانێکی باشتر دەستەبەر ببێت".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڤاڵا فەرید سەبارەت بە پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان گوتی: "پێکەوەژیان و کۆڵەکەکانی لە ھەرێمی کوردستان رەنگیی داوەتەوە و ھەموو پێکھاتەکان پیادەی ماف و ئازادییەکان دەکەن و پێکھاتەکان بەجیاوازییەکانییانەوە ئامادەی قوربانیدانن لە پێناو ھەرێمی کوردستان، لەم پێناوەشدا پەرلەمانی کوردستان ھەر زوو جەختی لەسەر رێزگرتن لە پێکھاتەکان کردووەتەوە و مافی کۆتای بۆ دەستەبەرکردووە و مافی پێکھاتەکانی لە دەسەڵاتی راپەڕاندن و سەرجەم دەزگاکان بەپێی یاسا گەرەنتی دەکات".