ھەولێر
سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست ئانادۆڵو کەوتووە، ھەواڵێکی سایتی فوراتنیوز رەتدەکاتەوە، کە وەک روونکردنەوەکە دەڵێ، بەناوی سەرچاوەیەکی "وەھمی" لە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە باسی لەوە کردووە پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە رژێمی ئەسەد کردووە یەپەگە لە رمێلان دەربکا.
لە روونکردنەوەکەدا ھاتووە "سایتی فوراتنیوزی پەکەکە، ھەواڵێکی پڕ لە چەواشەکارییان لەزاری سەرچاوەیەکی وەھمی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاو کردۆتەوە کە گوایە پارتی داوای لە ڕژێمی ئەسەد کردووە بۆ دەرکردنی YPG لە ڕمێڵان، چەند سایتێکی ناوخۆی ھەرێمیش بێ ھیچ خۆماندووکردنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی یان ناڕاستی ھەواڵەکەیان بڵاو کردۆتەوە."
سەرچاوەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێم دەڵێ "ئێمە بە خەڵکی کوردستانی ڕادەگەیەنین کە سەرتاپای ئەو ھەواڵە دوورە لە ڕاستی و تەنیا بەئامانجی شاردنەوەی پاشکۆیەتی پەیەدەیە بۆ ڕژێمی سوریا و لەکاتێکدا پەیوەندیی نێوان یەپەگە و سوپای ڕژێمی سوریا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەزانن لە ھەر شەڕێک کە پەیەدە دەیکات پشتیوانیی و ھاوکاریی ڕاستەوخۆی سوپای سوریایان لەگەڵدایە."
لە کۆتایی روونکردنەوەکەیشدا ھاتووە "پەیامی ڕوونی گەلی کوردستان بۆ پەیەدە ئەوەیە کە مادەم شەرم لە ئیرادەی گەلەکەتان ناکەن و ترستان لە خوا و گەل نەماوە و ھەموو ئامانجتان بۆتە خزمەتکردنی داگیرکەران، ئیتر ھەرچی دەتانەوێ بیڵێن و بیکەن."