قارەمان مەرەش
مامۆستا (خانم یەڵدز) یەکێکە لەو ئافرەتە باڵاپۆشانەی لەدوای کودەتای ٢٨ی شوباتی ١٩٩٧ (کە تێیدا نەجمەدین ئەربەکان لەسەر کار لابرا) ڕێی پێنەدرا بە لەچکەوە بچێتە ناو خوێندنگەو وانە بڵێتەوە.
ئێستا بڕیارەکانی دەوڵەت لەبەرژەوەندیی ئەوو ھەزاران ئافرەتی دیکەیە کە خوازیارن بەلەچکەوە بچنە سەر کارو دەوامی خۆیان. یەڵدز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ھیچ کاتێ لەخۆم نەترساوم بەڵام خەمی چواردەورەکەمم بوو، ساڵانی پێشوو لەبەر ئەوەی کە لەچک بەسەر و باڵاپۆشبووین لە شارۆچکەکەمان ھیچ خوێندنگەیەک وەری نەدەگرتین، کاتێکدا زۆربەی خوێندگەکان پێویستیان بە مامۆستا بوو کەچی لە بەر ئەوەی باڵاپۆش بووین وەریان نەدەگرتین".
یەڵدز دەڵێ بەشی زۆری ئەو ساڵانەی بەگریانەوە بەسەر بردووە، چونکە لەبەر باڵاپۆشی چەندین نەھامەتی بەسەردا ھاتووەو ڕێگری زۆری لێکراوە لە قۆناغی ٢٨ ی شوباتدا.
خانم یەڵدز گوتی "لەو ساڵانەدا نەک لەبەر خۆم، بەڵکو لەبەر کەسانی نزیک لەخۆم ترسام لەوەی لەبەر من شتێکی خراپیان بەسەر بێنن بۆیە ناچار بووم لەچکەکەم لابەرم، لەگەڵ ھاوسەرەکەمدا بڕیارماندا دەست لەکاری مامۆستایەتی بکێشینەوە، بەڵام دواتر چەندین ھەڕەشەمان لێکرا ناچار بووم لەچکەکەم لابەرم".
لەدوای راگەیاندنی ھەڵگرتنی قەدەغە لەسەر لەچک و حیجاب، لەکاتی ئاشکراکردنی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن، خانم یەڵد گوتی "ساڵانێکی زۆر ئەو مافەیان لێ زەوتکردین و نەماندەتوانی لەچک بکەینە سەر، سوپاسی ئەردۆغان دەکەین کە ئەو ئازادیەی بۆ گەڕاندینەوە، کچەکەشم بە ھەمانشێوە زوڵمی لێکراو لە زانکۆ بەڵام ئێستا ئیتر ئازادین لەپۆشینی ئەو جلانەی خۆمان دەمانەوێن".