ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی " ھەندێ ھەوڵ ھەیە بۆ ئەوەی بمان تۆقێنن سیناریۆی خراپ و بێ کەڵک دادەڕێژن، ئەو قسانەی دەکرێن بانگەشەی بەتاڵن"
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەڕاشکاوی رەخنەی گرت لەئپۆزسیۆنی تورکیاو گوتی " کاتێ دەسەڵات ئیرادەی ڕیفۆرم و چاکسازیی ھەبێ، ھەوڵ دەدرێ کۆششەکان تێکبدرێن، ئێمە لەتورکیا ئۆپۆزسیۆنێکمان ھەیە بەردەوام ھەوڵی وەستاندنمان دەدا، لەرێی چاڵ ھەڵکەندنیان بۆ دەسەڵات".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختی کردەوە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن دەبێتە رێخۆشکەر بۆ پێشکەوتنی ئابووریی تورکیا، چونکە دیموکراسی و ئابووریی پێکەوە بەستراون و ناکرێ یەکیان بەرەو پێشەوە بڕوا و ئەوی دیکەیان بەرەو دواوە، ئەگەر دیموکراسی بەرەو پێشەوە بڕوات و ئابووریی پێشکەوتن بە خۆیەوە نەبینێ، ئەوا وڵات دووچاری قەیران دەبێ و لە ١١ ساڵی رابردوو ئێمە دیموکراسی و ئابووریمان پێکەوە بەرەو پێشەوە برد بۆیە توانیمان سەرکەوین".
ئەردۆغان باسی پەیوەندیی نێوان ئابووریی و دیموکراسی کرد و گوتی" دیموکراسیەتی تورکیا چەندە بەھێز بێ ئەوا ئابووریەکەیشی ئەوەندە بەھێز دەبێ، چەندە رێفۆرم بکرێ ئەوەندە سەرمایەگوزاریش دەکرێ. چەندە ستانداردەکانی دیموکراسیەتی تورکیا بەرز کرانەوە ئابووری تورکیایش ئەوەندە بەھێز بوو. ئاستی وەبەرھێنان بەرز بوویەوە، رێژەی بێکاریی دابەزی".
ئەردۆغان باسی ھەڵوێستی ئۆپۆزسیونی تورکیای لە بەرامبەر پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن کرد و رایگەیاند: ئەزموونی ١١ ساڵی رابردوو و ئەزموونی ٤٠ ساڵ کاروباری سیاسی بۆ تێگەیشتن لە ھەڵسوکەوتی ئۆپۆزسیون ئەزموونێکی کەم نییە. بۆیە تا رادەیەکی باش دەزانین کە ئۆپۆزسیون لە کوێ، کەی و چ جۆرە ھەڵوێستێک دەنوێنێ. لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا ھەر بەو جۆرە کە پێشبینیمان کردبوو نوێنەرانی ئۆپۆزسیون دەستیان بە رەخنە کردن لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن کرد و ھەر یەک بە جۆرێ ئیرادی لێ دەگرن. ئەوە شتێکی چاوەڕوان نەکراو نییە، ئێمە شارەزای ھەڵوێستی ئۆپۆزسیونین".