جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق لە دژی داعش کرد لە پارێزگای ئەنبار.
لە لێدوانێکی چاپەمەنی دا، کۆشکی سپی رایگەیاندووە: بایدن جەختی کردۆتەوە لەسەر پشتگیریی وڵاتەکەی لە حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەلقاعیدە و داعش.
بەپێی راگەیەنراوەی کۆشکی سپی، جۆ بایدنگوتوویەتی: "بەزەییم بەو عێراقییانەدا دێتەوە کە لە ژێر دەستی تیرۆریستاندا زەحمەت و ئازار دەکێشن. ئێمە پشتگیریی لەو ئۆپەراسیۆنە دەکەین کە لە ئەنبار و فەلوجە لە دژی ئەلقاعیدە و داعش دەستتان پێکردووە."
لە پەیوەندییەکدا، مالکی و بایدن لە سەر بەردەوام بوونی پەیمانیی ھاوبەشی ئەمنی نێوان ئەمریکا و عێراق، بڕیاریان داوە کاری زیاتر بکەن.
لە لایەکی دیکەوە زانراوە بایدن لە بارەی شەڕی دژی داعش، پەیوەندیی بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجێفیەوە کردووە و ھەر دوولا داوایان کردووە سوننەکانی عێراق، لە دژی داعش پشتگیریی حکومەت و سوپای عێراق بکەن.