Abdulhameed Husseın Karam
18 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 19 نیسان 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتى ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی رایگەیاند: "ئەرکی ئێمە دەوڵەتداری و چارەسەریی کێشەکانە و دەبێت ھەموو لایەک ھاوکار بن رێگە لە تەشەنەکردنی گرژییەکان بگیرێت".
بەپێی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ، لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی - دا ھاتووە: "بۆ پێکھاتەکانی ناو حکوومەتیش باشترین شوێنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و وەڵامی ئەو نامە و بۆچوونانەش لەوێ دەدەمەوە. ھیوادارم ھەموو لایەک دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی، لە ئاست ئەرکی نیشتمانیمان بین تاکو پێکەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە: "ھاووڵاتیيانی ھەرێمی کوردستان ماندوون و لە ھاتنە کایەی ئەم بارودۆخە نەخوازراو و گرژیانە نیگەرانن. ھاووڵاتیيانمان شایستەی ئەوەن زۆرترین خزمەتيیان بکەین نەک تووشی دڵەڕاوکێ بکرێن"
- دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی
لەم چەند رۆژەدا پەیام و نامەی زۆر کەسایەتی و لایەنی بەشداربووی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت و لەوانەش تیمی وەزاریی یەکێتی نیشتمانیم پێ گەیشت. ئەوەی پێویست بێت لەم رۆژانە بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان باس کراوە ، بۆیە پێویست بە بەردەوامیی وەڵام و وەڵامدانەوەکان ناکات.
ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ماندوون و لە ھاتنە کایەی ئەم بارودۆخە نەخوازراو و گرژیانە نیگەرانن. ھاووڵاتیانمان شایستەی ئەوەن زۆرترین خزمەتیان بکەین نەک تووشی دڵەڕاوکێ بکرێن.
ئەرکی ئێمە دەوڵەتداری و چارەسەریی کێشەکانە و دەبێت ھەموو لایەک ھاوکار بن رێگە لە تەشەنەکردنی گرژییەکان بگیرێت. بۆ پێکھاتەکانی ناو حکومەتیش باشترین شوێنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و وەڵامی ئەو نامە و بۆچوونانەش لەوێ دەدەمەوە. ھیوادارم ھەموو لایەک دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی، لە ئاست ئەرکی نیشتمانیمان بین تاکو پێکەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین.