واشنتۆن
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست چوونی چوار پەرلەمانتاری ئافرەت بەسەرپۆشەوە بۆ ناو پەرلەمانی تورکیا وەک ھەڵوەشاندنەوەی داب و نەریتێکی کۆن لەقەڵەم دەدات کە پێشتر و لەکاتی دەستەڵاتی علمانیەکاندا بابەتێکی زۆر ھەستیار بوو لە تورکیا.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش باسی رەوشی تورکیا لە ساڵی ١٩٩٩ دەکات کە ئەوکات پەرلەمانتاری پارتی فەزیلەت مەروە کاڤاکچی بەھۆی سەرپۆشەوە رێگەی پێنەدرا سوێندی یاسای لەناو پەرلەمان بخوێنێتەوە و ھەر بەم ھۆیەشەوە دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام دوای سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان ئاک پارتی لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا و لە ماوەی دەساڵدا وایکرد کە تورکیایەکی نوێ دروست ببێ. ھەروەھا رۆژنامەکە دەنوسێت: "چوونی چوار پەرلەمانتاری ئافرەت بە سەرپۆشەوە بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان، دیموکراسی تورکیا نیشان دەدات."
رۆژنامەی فۆکس نیوزیش دیاریکرد کە چوونی چوار پەرلەمانتاری ئافرەت بەسەرپۆشەوە بۆ ناو پەرلەمانی تورکیا لە چوارچێوەی نەھێشتنی قەدەغەی سەرپۆش بوو و یەکێک لە چاکسازیەکانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانە کە لە مانگی ئەیلولی رابردوودا رایگەیاندبوو.
رۆژنامەی واشینتۆن تایمزیش لە مانشێتێکدا نووسیویەتی: "دوای ١٤ ساڵ قەدەغەی سەرپۆش ھەڵوەشایەوە."
رۆژنامەی ھاڤینگتۆن پۆستیش ھەروەھا رووداوەکەی ساڵی ١٩٩٩ی رێگرتن لە مەروە کاڤاکچی بیرھێنایەوە کە بەسەرپۆشەوە چووە پەرلەمان و رێگەی پێنەدرا سوێندی یاسایی بخوێنێتەوە و دەستی لەکارکێشایەوە و نوسیویەتی: "دوای ١٤ ساڵ ئەو قەدەغەیەی سەر سەرپۆش ھەڵوەشایەوە."