ههولێر - شوان سدیق
ئەمڕۆ سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كۆدەبنەوە.
لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بێگەرد دڵشاد گوتی: "لەبەر ئەوەی كات كەماوە لە بەردەم فراكسیۆنەكان و لایەنەكانی سیاسی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم ئەمڕۆ لە دانیشتنی سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیارە بە فەرمی داوا بكەین لیژنەی یاسایی كۆببێتەوە راپۆرتی تایبەت لەسەر ئەو چوار پرۆژە یاسایەی كە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە ئامادەبكرێت، هەروەها دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی خوێندنەوە بۆ راپۆرتی لیژنەی یاسایی بكات".
بێگەرد دڵشاد گوتیشی: "پەرلەمانی كوردستان، دەتوانێت بە ئەركە یاسایەكەی خۆی هەستێت، كە ئەوەیە دەبێت بە رێگە چارەی یاسایی پرسی سەرۆكایەتی یەكلایی بكرێتەوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز باسی لەوەشكرد بەبۆچوونی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو دەكرێت سازان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانە بكرێت لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە كە دەبێت ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە درێژ بكرێتەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ".
بێگەرد دڵشاد بۆ ئانادۆڵو گوتیشی: "پێموایە ئەگەر پارتی بیەوێت چارەسەری پرسی بۆشایی یاسایی بكات دەبێت سازان بدۆزینەوە بەڵام ئەو سازانە بەبۆچوونی ئێمە ئەوەیە كە دەبێت لەسەر ئەو چوار پرۆژەیە بكرێت كە لەپەرلەمان خوێندنەوە یەكەمیان بۆ كراوە".
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كە حزبەكەی خاوەنی 18 كورسییە، بۆچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕوون و راشكاوی دەخاتەڕوو دەڵێت پارتی درێژكردنەوەی ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی دەوێت بۆ دووساڵ بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە.
هەروەها بێگەرد دڵشاد باسی لە بۆچوونی حزبەكەی خۆیان دەكات و دەڵێت "ئێمەش دەمانەوێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە و دەسەڵاتەكانی سەرۆكیش كەمبكرێتەوە، هەروەها میكانزیمەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان دیاری بكرێت".
گوتیشی: "ئەوكاتەی ئێمە یاسای سەرۆكایەتیمان هەمواركردەوە، لایەنەكانی سیاسیش كە كاندیدیان هەبوو لە پەرلەمان ئەوكاتە ئێمەش قسە لەسەر ئەوە دەكەین كێ دەبێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان".
بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە ٢٠.٨.٢٠١٣ بۆ دوو ساڵ درێژكراوەتەوە، لە ٢٠.٨.٢٠١٥ كۆتای دێت.
لە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان، كە پۆستی سەرۆكی هەرێمی لەدەستدایە و خاوەنی 38 كورسییە پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات، كە ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بۆ دووساڵی دیكە درێژ بكرێتەوە.