بەرلین
راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركێل لەگەڵ سەركۆماری فەڕەنسا فڕانسیس ئۆڵاند بە ئامادەبوونی سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەورووپا ژەئان كلاودە ژونكەر لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی گەورە كۆمپانیاكانی تەكنۆلۆژیكی و تەلەكۆمینیكاسیۆنی ئەورووپادا كۆبوونەوە.
مێركێل پێش كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكدا گوتی: "بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیجالیزەكردن لە ئەورووپا سەركەوتوو بێت پێویستە كەشوهەوای گونجاو بڕەخسێنرێت و بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو كەرتەكاندا سوود لە پڕۆسەی دیجیتالیزەكردن وەربگرین پێویستە یاسای هاوبەش ئامادە بكرێت. لەو چوارچێوەیەدا وڵاتانی ئەوروپی هەر یەكە و چەندین دەستپێشخەری خستووەتەڕوو بەڵام لەسەر ئاستی ئەورووپا هەوڵدانێكی هاوبەش بۆ ئەو مەبەستە نییە و ئەگەربێت و پێكەوە هەڵسوكەوت بكەین ئەوە شانسی سەركەوتنمان زیاترە".
مێركێل هەروەها گوتی: "بەشداریكردنی زیاتر لە 20 بەرپرسی گەورە كۆمپانیاكانی ئەو كەرتە لەو كۆبوونەوەیەدا زۆر گرنگە".
سەركۆماری فەڕەنسا فڕانسیس ئۆڵاندیش گوتی: "پێویستە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆسەی دیجیتالیزەكردن لە چەندین بواری جیاجیادا بەتایبەتی لە دامەزراندنی بازاڕی هاوبەش، دارایی، سیستەمی باج و پەروەردەی پیشەیی و چەندین كەرتی دیكەدا یاسای روون و بەرچاو هەبێت و پێویستە لەو چوارچێوەیەدا ئەورووپا ببێتە نموونە".
ئۆڵاند باسی لە ئازادییەكانی تاكەكەسی و پاراستنی زانیارییەكانی كرد و گوتی: "بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیایانەی تازە دامەزراون بتوانن بەرەوپێشەوە بچن پێویستە لە بواری داراییدا هاوكارییان بكرێت".
سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا ژونكەریش گوتی: "ئەگەری ئەوە هەیە كە هێزی دیجیتالیزەكردن تێكەڵی هێزی شۆڕشی یەكەمی پیشەسازی بكرێت. سەدا 1.7ی كۆمپانیاكانی ئەورووپی سوود لە تەكنۆلۆژی باڵا وەردەگرن و سەدا 41ی دیكەی ئەوكۆمپانیانە ئەم تەكنۆلۆژییە بەكار ناهێنن بۆیە ئەگەر بێت و لەسەر ئاستی ناوخۆییدا پشتگیریی لەو كەرتە بكرێت ئەوە ساڵانە بڕی 415 ملیار دۆلار سوودی بۆ ئابووری ئەوروپا دەبێت".