سەرۆكی ئۆكراینا پەترۆ پۆرۆشەنكۆ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی وڵاتەكەی لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێركل و سەركۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند ئەنجام دا.
لە روونكردنەوەیەكدا كە ئۆفیسی رۆژنامەوانی پۆرۆشەنكۆ بڵاوی كردووەتەوە ئاماژە بەوە كراوە كە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەركردەكان جەختیان لە هەرچی زووتر كۆتایی هێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەكان كردووەتەوە و بانگەوازیشیان كردووە كە هەموو لایەنەكان، سەرجەم ماددەكانی رێككەوتننامەی مینسك جێبەجێ بكەن.
پۆرۆشەنكۆ و مێركل و ئۆلاند ئاماژەیان بە پێویستی كۆبوونەوەی سێ لایەنە بێ هیچ مەرجێك كردووە، هاوكات نیگەرانی خۆشیان لە بەئەنجام نەگەیشتنی كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكەی رۆژی رابردووی مینسك دەربڕیوە.
هەریەك لە پۆرۆشەنكۆ و مێركل و ئۆلاند جەختیان لە هاریكاری كردنی یەكتر بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا بەڕێگەیەكی ئاشتیانە كردووەتەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا پۆرۆشەنكۆ داوای لە رووسیا كردووە كە بەرەسمی هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت وەك لایەنێكی واژۆكەری رێككەوتننامەكەی مینسك بەهۆی بە ئەنجام نەگەیشتنی كۆبوونەوە سێقۆڵییەكانەوە .
رۆژی رابردوو لە مینسكی پایتەختی بیلارووسیا، لیۆنید كوچما سەرۆكی پێشووی ئۆكراینا و میخائیل زورابۆڤـ باڵیۆزی رووسیا لە كییەڤ و نوێنەری ئاگیت لە كییەڤ هەید تاگلیاڤینی و نوێنەرانی كۆمارییەكانی گەل لە دۆنەتسك و لۆهانسك دەنیس پوشیلین و ڤلادیسلاڤ دەینەگۆ، كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی بێ ئاكامیان ئەنجام داو و هەرسێ لایەنەكە یەكتریان بەوە تۆمەتباركرد كە هۆكاری نەگەیشتن بە رێككەوتن بوون.
لەلایەكی دیكەوە لە روونكردنەوەیەكدا كە ناوەندی رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر بڵاوی كردووەتەوە ، تێدا هاتووە كە لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوو دا لەئەنجامی شەڕ و پێكدادان لەگەڵ جوداخوازەكاندا ١٣ سەربازی سوپای ئۆكراینا كوژراون و ٢٠ ی دیكەش برینداربوون. هاوكات لە دەبالتسەڤۆ شەڕ و پێكدادان بەردەوامی هەیە.